دوای ئەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە

گوندەکانی ئامێدی قەرەبوو دەکرێنەوە

+964

هیڤی دێوالی – دهۆک

ئەو گوندانەی بەهۆی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا زیانیان بەرکەوتووە قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلوکیش دەڵێت، چاوەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەکانین لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی هاوڵاتیان پێکبهێنن.

ماوەی دوو مانگە بە بەردەوامی لە سنووری قەزای ئامێدی، بەتایبەتی لە سنووری ناحیەی دێرەلوک، چوار گوندی دەڤەری نهێلێ، پێنج دەڤەری بەرگارەی و دەڤەری بەرواری باڵا، شەڕی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا بە شەو و رۆژ بەردەوامە، زیانی زۆری بەر ماڵ و زەوی گوندنشیان گەیاندووە.

ئەحمەد سەعدوڵا، موختاری گوندی گوهەرزێ بە 964ـی وت، لەم ماوەیەدا بەهۆی شەرەتەقە و تۆپبارانکردنی نێوان پەکەکە و تورکیا، زیان بەر زیاتر لە هەشت خانوو وسێ ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان کەوتووە، جگە لەوەی زیاد لە 100 دۆنم زەوی سووتاوە و جووتیارانی گوندەکە زەرەرمەندی گەورە بوون لەو نێوەندەدا.

وتیشی، چەند ڕۆژێک پێش ئێستا قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆک سەردانی گوندەکەمانیان کرد، پێیان ڕاگەیاندین کە لیژنەیەک پێکدەهێندرێت بۆ قەرەبوو کردنەوەی زیان لێکەوتووان، چونکە بەروبوومی کشتوکاڵی گوندەکەمان زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

رێبەر سادق، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلوک بۆ 964ـى پشتراستکردەوە، کە زیان لێکەوتووانی شەڕی پەکەکە و تورکیا قەرەبوو دەکرێنەوە، بەڵام تا ئێستا نووسراوێکی فەرمییان لە لایەنی پەیوەندیدارەوە پێنەگەیشتووە و چاوەڕێی پێکهێنانی لیژنەیەک دەکەن بۆ نووسینەوەی زیانەکان بە داتا و ئامار.

روونیشیکردەوە، یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتنی قەرەبووەکە، بریتییە لە پێکنەهێنانی لیژنە بەهۆی ئەوەی هێشتا شەڕ و پێکدادان لەو گوندانە بەردەوامە و تا ئێستا هیچ لیژنەیەک سەردانی ئەو ناوچانەی نەکردووە و ناتوانن ئەو کارە بکەن بەهۆی ناسەقامگیریی شوێنەکە.

964دەزانێت، بەهۆی شەڕی پەکەکە و تورکیا زیاتر لە 200 هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵی و پۆش و پەڵاش سووتاون و ژمارەیەکی زۆریش خانوو و مزگەوت و قوتابخانە رووخاون لەسنووری قەزای ئامێدی.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

تۆپ بەر چەند ماڵێکی گوندەکانی سنووری ئامێدی کەوتووە

تۆپ بەر چەند ماڵێکی گوندەکانی سنووری ئامێدی کەوتووە