دەرچووانی زانکۆکانی رووسیا و وڵاتانی تر کێشەیان نییە

دەرچووی بەشە پزیشکییەکانی زانکۆکانی هەرێم لە کەرکوک دانامەزرێندرێن

میدیازان – کاروان ساڵح – کەرکوک

نزیکەی ٩٠٠ خوێندکاری دەرچووی کۆلێژە پزیشکییەکانی زانکۆکانی هەرێم لە شاری کەرکوک دانامەزرێندرێن، ئەوەش نیگەرانیی لای ئەوان دروست کردووە و دەڵێن دەرچووی زانکۆکانی رووسیا و وڵاتانی تر کێشەیان نییە.

محەمەد تۆفیق، یەکێک بوو لەو خوێندکارە دەرچووانەی لە خۆپیشاندانەکەی ئەمڕۆ سێشەممەی شاری کەرکوکدا بوو بە میدیازانی راگەیاند: ئێمە زانكۆ و پەیمانگا تەندروستییەكانمان لە هەولێر و سلێمانی تەواو کردووە، بۆ ئەمساڵ جیاکاری لە بڵاوکردنەوەی فۆڕمی دامەزراندن کراوە و دەڵێت دامەزراندن دەرچوانی زانکۆ و پەیمانگا تەندروستییەکانی هەرێم ناگرێتەوە.

نووسراوی دامەزراندنی خوێندکارانی سەرجەم کۆلێژ و پەیمانگا پزیشکییەکان لە لایەن وەزارەتی تەندروستییەوە لە مانگی ٩ـی ئەمساڵ پەسەند کراوە و ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتیی دارایی و یاسایی وەزارەتەکە کراوە بۆ کاروباری پێوسیت.

وتیشی: “دەرچووانی زانکۆکانی رووسیا و وڵاتانی تر فۆڕمی دامەزراندنیان دراوەتێ، بەڵام نایدەن بە ئێمە.”

بە پێی وتەی ئەو خوێندکارانە، ژمارەیان نزیکەی ٩٠٠ دەرچووە و چەند جارێکیش لەگەڵ پەرلەمانتارانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گفتوگۆیان کردووە، بەڵام چارەسەر نەدۆزراوەتەوە.

میدیازان چەند جارێک هەوڵی دا، بەڵام فەرمانگەی تەندروستیی کەرکوک بەردەست نەبوو.

بەڵام سەرچاوەیەكی تایبەت لەناو فەرمانگەی تەندروستیی كەركوك بە میدیازانی وت: “ئێمەش لەگەڵ نوێنەرانی كەركوك لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە هەوڵداین بۆ ئەوەی دابمەزرێن، بەڵام بڕیاری دامەزراندن لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە.”