دەیان تۆن پاشماوەی پلاستیکیان کۆکردەوە
سێ رۆژە شاخەکانی سۆران لە زبڵ و پاشماوە پاکدەکرێنەوە
964+
ئاکام غەفور- سۆران
لە هەڵمەتێکدا شاخ و کوێستانەکانی سنوری سۆران لە زبل و پاشماوەی گەشتیاران پاکرانەوە.
ماوەی سێ رۆژە فیدراسۆنی شاخەوانی کوردستان بە هەماهەنگی فەرمانگەی ژینگەی سۆران و لە ژێر سەرپەرشتی ئیدارەی شارەکە، کوێستانەکانی ناوچەکە پاکدەکەنەوە.
ئەمڕۆ شەملە 13.7.2024 هەڵمەتەکە لە چیای هەندرێن بەرامبەر رواندز بەڕێوەچوو، هەڵگورد شێخ نەجیب، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران قسە بۆ 964 دەکات و دەلێت، سۆران ناوچەیەکی گەشتیارییە ساڵانە خەڵکێکی زۆر سەردانی دەکات، پێویستە گەشتیاران پاشماوەی خۆیان فڕێ نەدەن.
وتیشی “پیسکردنی ژینگە ئاسانە بەڵام خاوێنکردنەوەی قورسە، پێویستە هەر خێزانێک کە دێتە سەیران پاشماوەی خۆی کۆبکاتەوە هیچی تێناچێت کارەکە ئاسانە و پێویستە تاک هۆشیاری زیاتری هەبێت بەرامبەر ژینگە”.
لایخۆشییەوە هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران، بە 964ـی وت، ماوەی سێ رۆژە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی کوێستان و شاخەکانی سنوری سۆرانیان ئەنجامدا و لەو ماوەیە بە دەیان تۆن پاشماوەی پلاستیکیان لە ناو سروشت هەڵگرتووەتەوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن