گومان دەکرێت ئاوەڕۆ وای لێکردبن

ماسیەکانی بەنداوی دێوانە کرم لە لەشیانە

964+
میلاد جەلال – گەرمیان

لەلایەن ھاوڵاتییەکی دانیشتوی قەزای دەربەندیخانەوە ساڵی پار نزیکەی 100 ھەزار پەنجە ماسی خرایە نێو بەنداوی دێوانەوە، ئێستا کرم لە لەشی ماسیەکانی بەنداوەکە بینراوە و لەشیان کرم دروست دەکات.

%80ی ئاوەڕۆی قەزای دەربەندیخان دەڕژێتە نێو بەنداوی دێوانە و بەپێی بۆچوونی شارەزایان، ئەو ئاوەڕۆیە بە یەکێک لە ھۆکارەکانی دروستبوونی کرم لە لەشی ماسیەکانی بەنداوەکە دادەنرێت.

عوسمان عەبدوڵا، سەرۆکی شارەوانی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت، “بەنداوی دێوانە تازەیە پێشتریش ئاوەڕۆی قەزاکە ھەر دەڕژایە ئەو شوێنە، دوای چەند جارێک تەندەرین دواجار لە کۆتایی ساڵی رابردوو تەندەرینی بۆ کرایەوە، کۆمپانیایەک بەناوی (پاراو) پرۆژەی دورخستنەوەی ڕێڕەوی ئاوەڕۆی قەزاکەی لە بەنداوی دێوانە وەرگرت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، “تێچووی پرۆژەکە نزیکەی حەوت ملیار دینارە، لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی ئەنجام دەدرێت، ئێستا لە قۆناغی دیاریکردنی ڕێڕەوی ئاوەڕۆکە و دیزاینکردندایە.”

بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەری دەربەندیخانیش ڕژانی ئاوەڕۆی قەزاکە بۆ ناو بەنداوی دێوانە بە یەکێک لە ھۆکارەکانی دروستبوونی کرم دەزانێت لە لەشی ماسیەکانی بەنداوەکە.

ئیبراھیم محەمەد، بەڕێوەبەری ڤێرتێرنەری دەربەندیخان بە 964ى وت، “ڕاستە گۆشتی ماسیەکانی بەنداوی دێوانە کرم دروست دەکات، بەڵام تا ئێستا ھیچ بەدواداچونێک نەکراوە بۆ دیاریکردنی جۆری کرمەکە و زانینی ئەوەی زیان بەخشە یان نا، روونیشی کردەوە، ئیشی بەشی سامانی ئاژەڵە ئەو بەدواداچونانە بکات، ئەو بەشەش لە سلێمانیە و ڤێرتێرنەری دەربەندیخان نیەتی.”

“”ئەو ماسیانە بۆ خواردن ھیچ گرفتێکیان نیە، چونکە بە برژاندن یان سورکردنەوە لەناو ڕۆن، ئەو کرمەی لە لەشی ماسیەکەیە لەناو دەچێت و ئاساییە بۆ خواردن.” ئیبراھیم محەمەد وای وت.

بەنداوی دێوانە دەكەوێتە باشووری قەزای دەربەندیخان، 42 مەتر بەرز و 260 مەتر پانە، توانای گلدانەوەی 21 ملیۆن مەتر سێجا ئاوی هەیە، دوو ساڵە بەنداوەکە تەواو کراوە و دەستکراوە بە گلدانەوەی ئاو تێیدا.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

لە بەنداوی دێوانە تا دوو ساڵی دیکە کەس بەتەمای راوە ماس...

لە بەنداوی دێوانە تا دوو ساڵی دیکە کەس بەتەمای راوە ماسی نەبێت