هه‌ولێر یاری لووتكه‌ی له پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیی برده‌وه
964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر
یارییه‌كانی قۆناغی هه‌شتی خولی باله‌ی عێراق له هه‌ولێر كۆتایی هات و له یاری لووتكه‌شدا، یانه‌ی هه‌ولێر له یانه‌ی پێشمه‌رگه‌ی سلێمانیی برده‌وه.
یارییه‌كه ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 23ـی كانوونی دووه‌م، له هۆڵی ئه‌كادی عه‌نكاوه له قۆناغی هه‌شتی خوله‌كه و له “گردبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌م”ـدا به‌ڕێوه‌چوو.
یانه‌ی هه‌ولێر توانی به ئه‌نجامی 3-2 گێم یارییه‌كه بباته‌وه، كه به گشتی یارییه‌كه ئاستێكی به‌هێزی هه‌بوو.
ئه‌نجامی گێمه‌كان بۆ هه‌ولێر 25-23، 25-22، 16-25، 25-19 و 21-19 بوو.
یانه‌ی هه‌ولێر له كۆی 7 یاری، 4 بردنه‌وه و 3 دۆڕانی هه‌بوو، ئه‌مه‌ش به‌راورد به ئه‌نجامه‌كانی تیپه‌كه له قۆناغی رابردوودا، زۆر خراپ بوو.
ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر له‌م باره‌یه‌وه به تۆڕی 964ـی وت “سێ یارییمان له‌سه‌ریه‌ك دۆڕاند، بۆیه ئه‌ركی ئێمه له ركابه‌رییه‌كاندا قورس كه‌وته‌وه”.
وتیشی “بۆ گه‌یشتن به قۆناغی پێش كۆتایی، تیپه‌كه‌مان پێویستی به‌وه ده‌بێت له گردبوونه‌وه‌ی دووه‌مدا 5 یاری بباته‌وه”.
گردبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌می قۆناغی هه‌شتی خولی باله‌ی عێراق سه‌ره‌تای هه‌فته‌ی رابردوو له هه‌ولێر ده‌ستیپێكرد، ئه‌مڕۆش كۆتایی هات، كه یانه‌كانی “هه‌ولێر، پێشمه‌رگه‌ی سلێمانی، جه‌یش، حه‌بانییه، مه‌سافی شیمال، غازی جنووب، شوڕته و به‌حری” تێدا به‌شداربوون.
له كۆتایی گردبوونه‌وه‌ی یه‌كه‌مدا، یانه‌ی غازی جنووب پله‌ی یه‌كه‌می به‌ده‌ستهێنا، له دوا یاری خۆیشیدا ئه‌مڕۆ به 3-0 گێم له یانه‌ی مه‌سافی شیمالی برده‌وه.
گردبوونه‌وه‌ی دووه‌می یانه‌كان له شاری به‌غدا له ناوه‌ڕاستی مانگی شوباتی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت
964+ ده‌زانێت، گردبوونه‌وه‌ی دووه‌می یانه‌كان له شاری به‌غدا له ناوه‌ڕاستی مانگی شوباتی داهاتوو به‌ڕێوه‌ده‌چێت، دواتر چوار یانه بۆ قۆناغی پێش كۆتایی سه‌رده‌كه‌ون.