ئەگەر راژەتان دەگوازنەوە

کۆلێژە پزیشکییەکەی گەرمیان 30 پسپۆڕی جیاوازی دەوێت

964+

ئەحمەد مستەفا

کۆلێژی پزیشکی گەرمیان، بۆ گواستنەوەی راژە لە وەزارەتەکانی تر بۆ سەر میلاکی کۆلێژە پزیشكییەکەی، دەڵێت تا 10.8.2024 مۆڵەت هەیە و پێویستی بە 30 پسپۆڕی جیاواز هەیە.

پاش رەزامەندی ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ گواستنەوەی راژەی ئەو کەسانەی هەڵگری بڕوانامەی ئەکادیمین لەو پسپۆرییانەی کە پێویستن بۆ کۆلێژ، هەر خوازیارێک ئارەزووی لێیە گواستنەوەی راژەی بۆ ئەنجام بدرێت بۆ سەر میلاکی کۆلێژی پزیشكی، پێویستە خوازیاران داواکاری پێشکەشی ڕاگرایەتی کۆلێژ بکات

پێشتر، سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێم ئامادەیى نیشان دا بۆ دەستەبەرکردنى ستافى پێویست بۆ کۆلێژەکە لە رێگەى گواستنەوەیان بۆ سەر میلاکى کۆلێژى پزیشکى و دواتریش تەنسیب کردنەوەیان بۆ سەر وەزارەتى تەندروستى بە رەچاوکردنی رێوشوێنە زانستی و کارگێڕییەکان.

دواتر، بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی گەرمیان رایگەیاند، بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی بۆ گواستنەوەی راژەی 14 پزیشکیان بۆ سەر میلاکی کۆلێژی پزیشکی زانکۆی گەرمیان، زیان دەگەیەنێت بە تەواوی کەرتی تەندروستیی ئیدارەکە و بەمە رازی نابن.

ئێستا، کۆلێژەکە لە راگەیەندراوێکدا داوای 30ی پسپۆڕی جیاواز دەکات، کە بیانەوێت میلاکیان لە وەزارەتەکانەوە بۆ کۆلێجی پزیشکی گەرمیان و وەزارەتی تەندروستی بگوازنەوە.

مەرجەکان:
1 – ڕەگەزنامەی عێراقی بێت
2 – پێویستە بڕوانامەکەی یان یەکسانکردنی بڕوانامەکەی ئەکادیمی بێت (بۆرد یان دکتۆرا یان ماستەری خوێندنی باڵا) و لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە باوەڕ پێ کراو بێت.
3- پاش وەرگرتنی لە هەرێمی کوردستان نیشتەجێ ببێت.
4- ئەولەوێەت بۆ ئەو کەسانەیە کە لە ئیدارەی گەرمیان نیشتەجێن.
5- پاش شۆرت لیست کردنی ئەو ناوانەی کە مەرجی وەرگرتنی تێدایە، لە لایەن لیژنەیەک لە کۆلێجی پزیشکی زانکۆی گەرمیانەوە چاوپێکەوتنیان بۆ ئەنجام دەدرێن، دواتر ناوەکان ئاڕاستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکرێن بۆ جێگیر کردن و گواستنەوەی ڕاژەیان.

پسپۆرییەکان:
1- پزیشکی هەناوی (Internal medicine)
2- پزیشکی شێرپەنجە (Oncology)
3- پزیشکی دەروونی (Psychiatrics)
4- پزیشکی کۆمەڵ (Community Medicine)
5- پزیشکی کوێرەڕژینەکان (Endocrinology)
6- پزیشکی نەخۆشییەکانی گورچیلە (Nephrology)
7- پزیشکی نەخۆشیزانی (Pathology)
8- پزیشکی ڕۆماتیزم (Rheumatology)
9- پزیشکی ئێسک و شکاوی (Orthopedic)
10- پزیشکی نەخۆشییەکانی مێشک و دەمار (NeuroMedicine)
11- پزیشکی کارئەندامزانی (Physiology)
12- پزیشکی ئیپیدیمیۆلۆجی (Epidemiology)
13- پزیشکی مایکرۆبایۆلۆجی (Medical microbiology)
14- شانەزانی (Histology)
15- توێکاری مرۆڤ (Human Anatomy)
16- کۆرپەلەزانی مرۆڤ (Medical Embryology)
17- پزیشکی خوێن (Medical Hematology)
18- پزیشکی بێهۆشکاریی (Anesthesia)
19- پزیشکی فریاکەوتن ( (Emergency Medicine
20- پزیشكی دەرمانسازی کلینیکی (Clinical Pharmacology)
21- پزیشکی نەخۆشییەکانی دڵ (Cardiology)
22- پزیشکی نەشتەرگەری دڵ و سنگ (Cardio-Thoracic surgery)
23- پزیشکی نەشتەرگەری دڵ و بۆڕییەکانی خوێن (Cardiovascular surgery)
24- پزیشکی نەشتەرگەری کردنەوەی دڵ (Open heart surgery)
25- پزیشکی نەخۆشییەکانی چاو (Ophthalmology)
26- پزیشکی نەخۆشییەکانی پێست (Dermatology)
27- پزیشکی جوانکاری (Plastic surgery)
28- پزیشکی خێزانی (Family Medicine)
29- پزیشکی نەشتەرگەری مێشک و دەمار (NeuroSurgery)
30- کۆمپیوتەر (Computer)