لە کفری دوو کچ قارچک بەرهەمدێنن

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

دوو کچە خوێندکاری کۆلێژ لە کفری سەرەڕای خوێندنەکەیان، پڕۆژەیەکی بچوکی کشتوکاڵییان دەستپێکردووە و لەنێو کابینەیەک قارچکی سەدەف بەرهەمدەهێنن.

بەناز و سۆزان، لە کۆلێژی زانستە ئەندازیارییە کشتوکاڵییەکانی زانکۆی گەرمیان دەخوێنن، ئەوان ماوەی زیاتر لە مانگێکە دەستیانکردووە بە چاندنی قارچکی سەدەف و پرۆژەکەیان گەیشتووەتە قۆناغی فرۆشتن.

پرۆژە کشتوکاڵییەکە لەسەر رووبەری 20 مەتر دووجا لەنێو کابینەیەکدا جێبەجێکراوە، کەشێکی لەبار و شێدار لە رێگەی گەرمکەرەوە بۆ قارچکەکان دابینکراوە تا بەباشی گەشە بکەن.

پرۆژەکەی بەناز و سۆزان سەرکەوتوو بووە، سۆزان ئەحمەد بە 964+ی وت “دەستمانکردووە بە فرۆشتنی قارچکەکە و تا ئێستا نزیکەی 10 کیلۆمان فرۆشتووە.”

تێچووی پرۆژە کشتوکاڵییەکەی بەناز و سۆزان کەمترە لە 500 هەزار دینار و بچووکە، ئەوان دەڵێن کە دەیانەوێت بۆ داهاتوو پەرەی پێبدەن.

قارچکی سەدەف یەکێکە لە باشترین جێگرەوە رووەکییەکان بۆ گۆشت و بە وتەی پسپۆڕانی پزیشکی هەمان بەهای خۆراکی گۆشتی سووری تێدایە.

بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، حەوت پڕۆژەی هاوچەرخی بەرهەمهێنانی قارچک هەن، سێ لە هەولێر، سێ لە سلێمانی و پرۆژەیەکیش لە دهۆک، کە بەرهەمی رۆژانەیان دەگاتە زیاتر لە 16 تۆن.