قەزای چەمچەماڵ

رێگە نادرێت ئاوێک پشکنینی بۆ نەکرابێت بەسەر ماڵاندا دابەش بکرێت

+964
ژێوار خدر

قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ لە راگەیاندراوێکدا، ئەو کەس و لایەن و رێکخراوانەی ئاگادار کردەوە کە ئاوی خواردنەوە بە تانکەر دابەش دەکەن، بێ پشکنینی پێشوەختە بۆیان نییە ئاو دابەش بکەن.

لە راگەیاندراوەکەی قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵدا هاتووە، لەگەڵ هاتنی وەرزی گەرما و بڵاوبوونەوەی نەخۆشی بەهۆی ئاوی نەشیاو بۆ خواردنەوە، بریاریانداوە راوێژ بە پسپۆڕانی تەندروستی قەزاکە بکەن و لەمەودوا دابەشکردنی ئاو لە ژێر چاودێریی قەزا و ناحیەکان و فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ و ناحیەکاندا بێت، چونکە پشکنین بۆ سەرچاوەی ئاوەکە دەکرێت پێش دابەشکردن.
964 چەند جارێك پەیوەندی بە قایمقامی چەمچەماڵەوە كرد، بەڵام بەردەست نەبوو.
هەروەها 964 پەیوەندی بە بەڕێوەبەری تەندروستیی چەمچەماڵەوە کرد سەبارەت بە زانینی هۆکاری دەرکردنی بڕیارەکە، بەڵام ئەوان ئامادەنەبوون لەو بارەیەوە قسە بکەن.
سەرچاوەیەکیش لە خۆپاراستنی تەندروستیی چەمچەماڵ، هەرچەندە رێپێدراو نەبوو بۆ میدیا قسە بكات، ئەو زانیارییەی بە 964ی وت، كە هیچ نەخۆشییەک لە چەمچەماڵ و دەوروبەری بڵاونەبووەتەوە، پشکنینی ئاوەکەش پێش دابەشکردنی لە پێناو دڵنیایی رێژەی کلۆرە لە ئاوەکەدا، چونکە ئەگەر کلۆرەکە لە رێژەی دیاریکراو زیاتر یان کەمتر بێت، لەوانەیە ببێتە هۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی.

هەر بە پێی راگەیاندراوەکەی قائیمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ، هەر حزب، رێکخراو و خێرخوازێک ئاو دابەش دەکات، پێویستە پەیوەندی بە فەرمانگەی ئاوی چەمچەماڵ یان شۆڕش یان تەکیەی کاکەمەندەوە بکات.