چۆڵى ناکەن
دژی داخستنی شوێنی كاركردنیان كاسبكارانی مەیدانی ئاژەڵانی سلێمانی گردبونەتەوە
964+
ئەحمەد محەمەد _ سلێمانی
لەلایەن کۆمپانیایەکەوە حەوت رۆژ مۆڵەت بە ئاژەڵفرۆش و کاسبکارانى مەیدانى ئاژەڵفرۆشانى سلێمانى دراوە کە مەیدانەکە چۆڵ بکەن، چوار رۆژیش رۆشتووە و سیانى ماوە، ئەمڕۆش کاسبکارانى مەیدانەکە گردبوونەوە و دەڵێن، چۆڵى ناکەن.
کێشەى ئاژەڵدارانى مەیدانەکە ئەوەیە، کۆمپانیایەک زەوى مەیدانەکەى وەرگرتووە و دەیکات بە پڕۆژەى نیشتەجێبوون، شوێنێکى دیکە بۆ مەیدانى ئاژەڵانى سلێمانى لە گوندى یەک ماڵەى نزیک عەربەت دیاریکراوە و کۆمپانیایەکى دیکە جێبەجێى دەکات و بۆ هەر 200 مەترێک بڕى 10 ملیۆن دیناریان لێوەردەگرێت
ئەمڕۆ دووشەممە، ئاژەڵفرۆش و کاسبکارانى مەیدانەکە لە شوێنى کارکردنیان گردبوونەوە و دەڵێن، مەیدانەکە چۆڵناکەن، چونکە هەم کاتى زۆریان پێنەدراوە بۆ چۆڵکردن و هەمیش ئەو شوێنەى بۆیان دیاریکراوە دوورە و لە بەرامبەردا 10 ملیۆن دیناریان لێ وەردەگیرێت.
بە وتەى چالاک عەبدوڵا، کە یەکێکە لە کاسبکارانى مەیدانەکە بە 964ـى وت،”ئێمە نەمان وتووە چۆڵى ناکەین، بەڵام داوا دەکەین سێ مانگ مۆڵەتمان بدەن و ئەو مەیدانە نوێیەى کراوەتەوە بەبێ بەرامبەر پێمان بدەن و قەرەبوومان بکەنەوە”.
ئەم پێنج شەممەیەى دێت حەوت رۆژ مۆڵەتى کۆمپانیاکە تەواو دەبێت، واتا دەبێت تا ئەوکاتە ئاژەڵدارەکان مەیدانەکەیان چۆڵکردبێت، بەڵام بە قسەى لەتیف مەلا حەسەن کە کنترین ئاژەڵفرۆشى مەیدانەکەیە، بەبێ قەرەبووکردنەوە چۆڵى ناکەن مەگەر گەوڕەکانیان بەسەردا بڕوخێنن.
نزیکەى هەزار خان و گەوڕ لە مەیدانەکە بوونى هەیە، وەک ئاژەڵفرۆشان باسى دەکەن سەرچاوەى بژێوى ژیانى نزیکەى چوار هەزار خێزانى لەسەرە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح