بۆ لەمەودوا

بە نرخی رۆژ دۆلار بەرامبەر دینار بۆ پرۆژەی ئاوی قەزای دەربەندیخان هەژمار دەکرێت

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

وەزیری دارایی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەر بە دینار، بەپێی نرخی رۆژ هەژمار بکرێت بۆ کۆمپانیای “ئۆھیتان”ی جێبەجێکاری پرۆژەی ئاوی قەزای دەربەندیخان.

پێشتر کۆمپانیاکە بە دۆلار سلفەیەکی پارەی پرۆژەکەی وەرگرتووە.

سلێمان محەمەد قایمقامی قەزای دەربەندیخان بە 964ى وت،”کۆمەڵێک گرفتی ڕۆتینی بۆکۆمپانیای جێبەجێکاری پرۆژەی ئاوی قەزای دەربەندیخان دروست بوبوو، دوای چەندجارێک لە سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکان بڕیاردراوە ئەو بابەتە ڕۆتینانە چارەسەر بکرێت”

دوێنێ چوار شەممە 3.7.2024 بە نوسراوێکی وەزارەتی دارایی کە واژۆی ئاوات جەناب نوری لەسەرە، ئاراستەی بانکی ھەرێمی کوردستان لقی سلێمانی کراوە، کە دۆلار بەرامبەر بە دینار بەپێی نرخی رۆژ هەژمار بکرێت بۆ پرۆژەی ئاوی قەزای دەربەندیخان.

“ئەگەر ئەو بڕیارە وەک خۆی جێبەجێ بکرێت و پارەی بۆ خەرج بکرێت، ئەوا لە ماوەی شەش مانگی داھاتوو پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی قەزای دەربەندیخان تەواو دەبێت و دانیشتوانی قەزاکە کێشەی ئاوی خواردنەوەیان نامێنێت”، سلێمان محەمەد وای وت.

پێشتر تەنیا بە دۆلار پارە بۆ ئەو کۆمپانیایە خەرج کراوە، بەڵام ئێستا دیناریان پێدەدەن بە مەرجی نرخی رۆژ واتە بۆ هەر 100 دۆلارێک چەندبێت لە بازاڕدا ئەوەندە وەردەگرن.

پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی دەربەندیخان لە ساڵی 2012ەوە، بەردی بناغەی دانراوە، بەڵام بەھۆی قەیرانی دارایی چەندینجار کارکردن لە پرۆژەکە راگیراوە، ئێستا کارکردن تێیدا دەستیپێکردووەتەوە، نزیکەی 60%ى پرۆژەکە تەواو بووە، تەواوکردنی پرۆژەکە پێویستی بە نزیکەی 15 ملیۆن دۆلارە.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

کارکردن لە پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخا...

کارکردن لە پرۆژەی پاڵاوگەی ئاوی خواردنەوەی دەربەندیخان دەستیپێکردەوە