سه‌عدی پیره‌: پێویست بكات له‌گه‌ڵ پارتی رێكه‌وتنى نوێ ئاماده‌ ده‌كه‌ین‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر

ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رایگه‌یاند، به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت هه‌وڵده‌ده‌ن له‌ كۆبونه‌وه‌كانی داهاتویان له‌گه‌ڵ پارتی پێداچونه‌وه‌ به‌ رێككه‌وتنامه‌ سیاسییه‌كاندا بكه‌ن‌، ده‌شڵێ “ئه‌گه‌ر پێویست بكات رێككه‌وتنامه‌ی نوێ ئاماده‌ ده‌كه‌ین”.

سه‌عدی ئه‌حمه‌د پیره‌، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ له‌هه‌ولێر كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا، وتیشی “له‌ راستیدا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ پارتى ئاسایین، چونكه‌ هه‌ردووكمان دوو رێكخراوی جیاوازین و بۆچونی جیاواز هه‌ر ده‌بێت، ئه‌گه‌ر نا، ده‌بوینه‌ یه‌ك حزب”.

پیره‌، نایشارێته‌وه‌ كه‌ له‌ ئێستا كێشه‌ له‌نێوان هه‌ردوولادا هه‌یه‌، له‌ رابردوش هه‌بووه‌ و له‌ داهاتوشدا ده‌بێت.

ناوبراو، بێ ئه‌وه‌ى واده‌ى دیاریكراو بۆ كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ پارتى ئاشكرا بكات، وتى “پارتی و یه‌كێتی له‌ په‌یوه‌ندیدان و هه‌وڵده‌ده‌ن په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئاسایی بكرێته‌وه‌”.

ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، “ره‌نگه‌ كێشه‌ى ئێمه‌و پارتى له‌سه‌ر ئه‌وه‌بێت كه‌ چۆن بتوانین به‌ به‌رنامه‌ی خۆمان زۆرترین ده‌نگده‌ر رابكێشین، ره‌نگه‌ به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌سه‌ڵاتیش رۆڵی سه‌ره‌كی ببینێت، به‌ڵام به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ كۆبونه‌وه‌كانی داهاتوی مه‌كته‌بی سیاسیدا پێداچونه‌وه‌یه‌ك به‌و رێككه‌وتنامه‌ سیاسییه‌كانه‌دا بكه‌ین كه‌ كردومانه‌ و ئه‌گه‌ر پێویست بكات رێككه‌وتنامه‌ی نوێ ئاماده‌ ده‌كه‌ین”.