به‌ یه‌ك ساڵ رەزامەندی لەسەر نزیکەی سێ هەزار پرۆژە دراوە

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە ساڵی 2022دا، لە رووی پاراستنی ژینگەوە رەزامەندی لەسەر دوو هەزار و 868 پرۆژە لە بوارە جیاجیاكاندا داوه‌، 21 پرۆژەش بەهۆی لەبەرچاونەگرتنی یاسا و رێنماییە تایبه‌ته‌کانی پاراستنی ژینگە رەتکردووەتەوە.

فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 22ـی كانوونی دووه‌م بڵاویكرده‌وه‌، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە، بەدواداچوون و پشکنینی بۆ هەزاران پرۆژە و وەرگرتنی نموونەکانیان لە تاقیگەکانی هەولێر، سلێمانی و دهۆک كردووه‌، لەگەڵ دۆزینەوەی دەرفەتی کار بۆ ژمارەیەک لە دەرچووانی ژینگە و بەڕێوەبردنی هەڵمەتی هۆشیاریی ژینگەیی و سزادانی سەرپێچیکارانی ژینگە.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌وه‌كراوه‌، دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە لە ساڵی 2022 رەزامەندیی لەسەر جێبەجێکردنی دوو هه‌زار و 868 پرۆژه‌ داوه‌، كه‌ له‌ بواره‌ جیاوازه‌كانی “وەبەرهێنان، پیشەسازی، خزمەتگوزاری، نیشتەجێبوون، بازرگانی، کشتوکاڵ و تەندروستی” بوون.

پرۆژه‌كانیش به‌م شێوه‌یه‌ بوون:
هەولێر: (هەزار و 235) پڕۆژە
سلێمانی: (902)
دهۆک: (322)
هەڵەبجە: (18)
راپەرین: (141)
گەرمیان: (232)
کۆی گشتی: (دوو هەزار و 868).

هه‌روه‌ها ئەم پڕۆژانەش لەبەر نەگونجانیان لەگەڵ یاسا و رێنماییەکانی ژینگە رەتکراونەتەوە:
هەولێر: (0) پڕۆژە.
سلێمانی: (11) پڕۆژە.
دهۆک: (3) پڕۆژە.
هەڵەبجە: (0) پڕۆژە.
راپەڕین: (4) پڕۆژە.
گەرمیان: (3) پڕۆژە.
کۆی گشتی: (21) پڕۆژە.