دهڵێن خنكاوه
لە زاب هاوڵاتیەک ئاو بردویهتى و تائێستا چارهنووسی نادیاره
964+
کاروان ساڵحی – کەرکوک
لە دوێنێوە هاوڵاتیەکی تەمەن 40 ساڵ لە ناحیە زاب ئاو بردویهتى دەڵێن خنکاوە بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە، تیمەکانی مەلەوانیش بەردەوامن لە گەڕان بەدوای تەرمەکەدا.
ئێوارەی دوێنی پێنج شەممە 27.6.2024 هاوڵاتیەکی ناحیەی زابی سەر بە قەزای حەویجە دوای ئەوەی لە دەوامی فەرمی دەردەچێت بەمەبەستی مەلەکردن روودەکاتە ئاوی دیجلە لە سنووری ناحیەکەیان و دەستبەجێ دەخنکێت.
ماهر زرباتی، هاورێى هاوڵاتیە خنکاوەکە كه بەیەکەوە فەرمانبەری کۆمپانیای نەوتن، بە 964ـی وت، دوێنی لە دەوام زۆر بێ تاقەت دیار بوو بەردەوام سەیری وێنەی کوڕە بچوکەکەی دەکرد کە ماوەیەک بەر لە ئێستا گیانی لەدەستدابوو.
وتیشی “دڵنەواییمان دەدایەوە و ئیتر ئەوەبوو دوای کۆتايی هاتنی دەوامی فەرمی لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی رۆیشت بۆ مەلەکردن، دوای نیو کاتژمێر پەیوەندیان پێوەکردین کە خنکاوە و ئاوە بردویەتی”.
ئەحمەد ماجد کارمەندی لیوای 16ی حەشدی شەعبیە بە 964ـی وت، لە دوێنێوە تیمی مەلەوانزانی لیواکەیان لەگەڵ پۆلیسی روبار بەدوای تەرمەکەی دەگەرێن تاوەکو نزیک ناوچەی فەتحەی پارێزگای تکریت رۆیشتون و نەدۆزراوەتەوە.
بەپێی سۆراغی 964 لە ماوەی 50 رۆژی رابردوودا لە سنووری پارێزگای کەرکوک هەشت کەس خنکاون دوانیان ژن بوونە و رووداوی خنکانی سێ هاوڵاتیش لە ناحیەی زاب بووە.