هاوڵاتییەکی بە رەگەز تورک بریندارە

لە ئامێدی روداوێکی هاتوچۆ روویداو و کەسێک گیانی لەدەست دا

964+
هیڤی دێوالی – دهۆک

نیوەرۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.6.23، رووداوێکی هاتوچۆ لە سەر شەقامی گشتی قەزای ئامێدی بۆ دهۆک روویدا، بە هۆیەوە کەسێک گیانی لەدەست دا و یەکێکی دیکەش بریندار بووە.

بەپێی زانیارییەکانی 964، رووداوێکی هاتوچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر “کیا” و “گەڵابە” لەسەر شەقامی گشتیی ئامێدی بۆ دهۆک لە گوندی “بەرێ کەر“ لە کۆمەڵگەی قەدش روویداوە، کەسێک گیانی لەدەست داوە کە تەمەنی نزیکەی 35ساڵە و خەڵکی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە.

لە رووداوەکەدا، کەسێک بریندارە، کە بە رەگەز هاوڵاتییەکی تورکیایە و لەگەڵ ئەو کەسەی گیانی لەدەستداوە هەردووکیان کارمەندی کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتن.

مەسعود تاهیر بۆتی، یاریدەدەری بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی ئامێدی بە 964ی وت، “پەیوەندی بە تیمەکانمانەوە کراوە، کە رووداێکی هاتوچۆ لە گوندی بەرێ کەر لە نێوان دوو بارهەڵگر روویداوە و تیمەکەمان گەیشتوونەتە سەر رووداوەکە”.

ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، “خاوەن ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری (کیا) گیانی لەدەست داوە و رەوانەی پزیشکی دا کراوە، و یەکێکیش بریندارە ئێستا لە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی ئامێدییە و لە ژێر چاودێریی پزیشکدایە”.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

دیمەنی رووداوەکە؛