فۆتۆ: سۆسیال میدیا
پۆلیسی ژینگەی سۆران هۆشداری لەناوچوونی دارستانەکان دەدات
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
به‌پێی قسه‌ى وته‌بێژى پۆلیسی ژینگە و دارستانى سۆران، كه‌مى میلاك له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیه‌كه‌یان، به‌شێكه له‌و هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسیانه‌ى كه ئاماژه بۆ لەناوچوونى دارستانه سروشتیی و ده‌ستكرده‌كانى ئه‌و سنوورە دەکات.
ئه‌میر خۆشه‌وی، وته‌بێژی پۆلیسی ژینگە و دارستانى سۆران، به تۆڕی 964ی راگه‌یاند “نه‌مانتوانیوه وه‌ك پێویست كۆنتڕۆڵى ته‌واوى سنووره‌كه‌مان بكه‌ین ئه‌ویش به‌هۆی كه‌مى میلاكاتمان و نه‌بوونى ئیمكانیات و پێداویستییه‌كان، به‌ڵام ئه‌وه‌ى له تواناماندا بووبێ كردوومانه”.
به قسه‌ى ناوبراو، تا ئێستا له سنوورى قه‌زاى چۆمان به سه‌رجه‌م گوند و ناحیه و گونده‌كانییه‌وه نه‌یانتوانیوه باره‌گایه‌كى پۆلیسى ژینگه و دارستان بكه‌نه‌وه، ده‌شڵێت “ئه‌گه‌ر میلاكمان بۆ ته‌واو نه‌كرێت هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی له‌سه‌ر له‌ناوچوونى ته‌واوى دارستانه سروشتى و ده‌ستكرده‌كانى ئه‌و سنووره دروست ده‌بێت”.
تۆڕى 964 له رێگه‌ى پۆلیسى ژینگه و دارستانه‌وه ده‌زانێت، لە سەنتەری شارۆچكەی سۆران رووبەری 435 دۆنم دارستانی دەستكرد هەیە كە زۆرینەیان دارە جۆراوجۆرەكانی سنەوبەرن.
ئه‌میر خۆشه‌وی ئه‌وه‌ى ئاشكرا كرد، كه ته‌نیا له ئەمساڵدا 18 كه‌یسی داربڕینیان له‌و سنووره‌دا داوه‌ته دادگا، به‌پێی یاسای 22ی دارستان ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌سه‌ر داربڕین ده‌ستگیر ده‌كرێن، به به‌ندكردن یان پێبژاردن سزا ده‌درێن، وتیشی “ساڵى پار 95 كه‌سمان ده‌ستگیركرد و كه‌یسه‌كانمان ره‌وانه‌ى دادگا كردوون”.
له‌باره‌ى كه‌موكوڕییه‌كانى پۆلیسی ژینگه‌و دارستانیش، وتى “به‌هه‌موو ئیداره‌ى سه‌ربه‌خۆى سۆران ته‌نها دوو ئوتومبێلی میریمان هه‌یه، له رووى ته‌كنه‌لۆژی هیچ پێداویستیه‌كمان نییه، میلاكمان كه‌مه، ناتوانین وه‌ك پێویست و له‌كاتى خۆیدا بگه‌ینه ئه‌و شوێنانه‌ى كه تاوانى داربڕینى لێ ئه‌نجام ده‌درێت، ته‌نانه‌ت تا ئێمه ده‌گه‌ینه ئه‌و شوێنه، كه‌سی داربڕ نه‌ماوه و هه‌ڵاتووه”.
ئه‌وه‌ش دووپات ده‌كاته‌وه كه ئێستا داربڕین له سنووره‌كه‌یان هه‌ر به‌رده‌وامه، به‌ڵام وتی “له رووى یاساوه بڕینى دارى ته‌ڕ و دارى وشك هیچ جیاوازییه‌كى نییه هه‌ردووكیان یه‌ك حوكمیان به‌سه‌ردا ده‌سه‌پێت”.
به‌پێی ئامارى ساڵانه‌ى بەرگری شارستانی سۆران، ته‌نها له ساڵى 2022 لە سنوری بەڕێوەبەرایەتیه‌كه‌یان 182 رووداوی ئاگرکەوتنەوە لە پوش و پاوان و دارستانە سروشتیەكان روویانداوە، كە بەهۆیەوە 456 دۆنم زەوى سووتاون و بەشێك لەوانەش بەهۆی تۆپباران و بۆردومانەكانی توركیا و ئێرانەوە بووە و به‌شه‌كه‌ى تر به‌هۆى بڕینه‌وه‌ی دار و دره‌خت بووه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه.