بەهۆی جەژنەوە کۆنەکراوەتەوە

خۆڵ و خاشاکێکی زۆر لەکۆڵان و بەردەم ماڵەکانی سەیدسادق کۆبووەتەوە

964+

عومەر فەتاح ـ سەیدسادق

بەهۆی پشووەکانی جەژنەوە لە بەشێک لەگەڕەک و کۆڵانەکانی سەیدسادق زبڵ و خاشاکێکی زۆر کۆبووەتەوە هاوڵاتیانیش داواکارن بەزوویی لابرێت، چونکە بۆنی ناخۆشی بڵاوکردووەتەوە و بەپرسانی کۆمپانیای پاککەرەوەش دەڵێن ئەمڕۆو سبەینێ هەمووی هەڵدەگیرنەوە.

عوسمان محەمەد دانیشتوی گەڕەکی شێخانی سەیدسادق بە 964ـی وت، “لەڕۆژێک پێش جەژنی قوربانەوە، خۆڵ و خاشاکی گەڕەکی ئێمە کۆنەکراوەتەوە و تەنکەی خۆڵەکانمان پڕبوون، بۆنی ناخۆشی بڵاوکردووەتەوەو دیمەنێکی ناشیرینیشه، داوادەکەین بەڵکوو بەزوویی بێن بەهانامانەوە”.

هێمن ئەحمەد سەرپەرشتیارو چاودێر لەکۆمپانیای پاککەرەوەی گەردین، بە 964ـی وت “لەدوەم رۆژی جەژنەوە ئێمە، دەستمان بەکارکردووەتەوەو رۆژناڕۆژێک خۆڵمان کۆکردووەتەوە، بەڵام دوو گەڕەکیان کە نۆرەیان بووە خۆڵ هەڵبگیرێتەوە کەوتووەتە رۆژی ئۆفی کرێکارەکانەوە، بۆیە ئەوخۆڵ و پاشماوانە کۆبووتەوە”.

ئەو بەرپرسەی کۆمپانیاکە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە لەئەمڕۆو سبەینێدا هەموو کۆڵانەکان تەواودەکرێن و هەمووی هەڵدەگیرێتەوە هیچ شوێنێک نامێنتەوە خۆڵ و خاشاکی تێدامابێت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی