حاسڵات

ئێران و سوید دیل بە دیل دەکەن

+964

ژووری هەواڵ

ناوەندی راگەیاندی هێزەکانی سوریای دیموکرات (قەسەدە) رایگەیاند دوو شەڕڤانیان بە ناوەکانی بەشار عەبدو حەمەد محەمەد لە حێرشێکی داعش لە شارۆچکەی ئەبو هەمامی دێرەزور گیانیان بەخشیوە، دوو شەڕڤانەکە یەکێکیان 23 ساڵ و ئەوەی دیکە 24 ساڵ بووە.

تۆڕی هەواڵی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە: پوریا و شوجاع منەتی کە دوو برای خەڵکی رۆژهەڵاتی کوردستانن و لە شوێنکەوتوانی ئاینی یارسان، بەشێوەیەکی کتوپڕ لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە گواستراونەتەوە بۆ شوێنێکی نادیار، ئەم دوو برایە لە چالاکوانانی بزوتنەوەی ژن ژیان ئازادی بوون.

ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هەپەگە دەڵێت لە رۆژانی 12 هەتا 14ی ئەم مانگە لە چەند ناوچەیەکی جیا جیا هێرشیان کردووەتە سەر سوپای تورکیا و شەش سەربازیان لەناو بردووە، گەورەترین گورزیش ئەوەیان بووە کە لە رۆژی 12ی ئەم مانگە وەشێندراوە.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە: حەمید نوری ئەو پیاوە ئێرانییەی کە سوید سزای هەتا هەتایی بەسەردا سەپێندرابوو بە تۆمەتی ئەوەی زیندانیانی سیاسی کوشتووە، ئازادبووەوگەرایەوە ئێران، ئەمەش لە بەرامبەر ئەوەی ئێران دوو بەندکراوی سویدی بنێرێتەوە بۆ ئەو وڵاتە.

ئاسایشی خۆرئاوای کوردستان رایگەیاند: 7 تۆمەتباریان لە دەوروبەری حەسەکە دەستگیرکردووە کە خەریکی دزی و راوو رووت بوون، ئەمەش پاش ئەوە هات کە خەڵکێکی زۆر سکاڵای هەبووە لەسەریان بەوەی بە زۆر پارەیان لێ سەندوون.

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکاران دەڵێن: ئەمڕۆ چەند جارێک فڕۆکەکانی تورکیا بە ئاسمانی ئامێدیدا سوڕاونەتەوەو چەند جێیەکیان لە چیای مەتینا بۆردومان کردووە، بەڵام تائێستا هیچ لەبارەی زیانەکانەوە نەزانراوە.