پاڵه‌وانه‌كه‌ دووشه‌ممه‌ ده‌ستبه‌كار ده‌بێت

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا – هه‌ولێر

سه‌ردار ئیسماعیل پاڵه‌وانی ناوداری له‌شجوانی، رۆژی دووشه‌ممه‌ی داهاتوو وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزش له‌ كوردستان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.

به‌ بڕِیاری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، سه‌ردار ئیسماعیل له‌ شوێنی شاكر ئه‌حمه‌د سمۆ، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی وه‌رزش له‌ وه‌زاره‌تی رۆشنبیری و لاوان دیاریكراوه‌.

سه‌ردار ئیسماعیل ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 21ـی كانوونی دووه‌م، به‌ تۆڕی 964ی وت “بڕیاره‌ دووشه‌ممه‌ی داهاتوو له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌ری ئێستای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی وه‌رزش ده‌وروته‌سلیم بكه‌ین”.

وتیشی، حكومه‌تی هه‌رێم پاڵپشتیی ته‌واوی خۆیان بۆ ده‌ربڕیوم، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم به‌ شێوه‌یه‌كی سه‌ركه‌وتووانه‌ كاربكه‌م و خزمه‌ت به‌ بواری وه‌رزشی كوردستان بكه‌م”.

سه‌ردار ئیسماعیل ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، پێشینه‌ی كاره‌كانی رێكخستنه‌وه‌ی كاروباری یانه‌كان و مینحه‌، دامه‌زراندنی به‌شی یاسایی، رێكخستنه‌وه‌ی ميلاكاتی فه‌رمانگه‌كانی سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی و هه‌روه‌ها راگه‌یاندن ده‌بێت.

“وه‌رزشی كوردستان كێشه‌ و گرفتی زۆر و گه‌وره‌ی هه‌یه‌، پێویست ده‌كات هه‌موومان به‌یه‌كه‌وه‌ كار بۆ چاككردنی بكه‌ین” سه‌ردار ئیسماعیل وای وت.

سه‌ردار ئیسماعیل حه‌وێزی، پاڵه‌وانێكی ناوداری یاری له‌شجوانییه‌ و به‌شداری ده‌یان پاڵه‌وانیه‌تیی جیهانی كردووه‌، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، عێراق، ئاسیا و وڵاتانی ئه‌وروپا نازناوی به‌ده‌ستهێناوه‌.

سه‌ردار بڕوانامه‌ی له‌ چه‌ندان بواردا هه‌یه‌، له‌وانه‌ یاسا، ئاداب، ماسته‌ر له‌ خۆراك، هه‌روه‌ها مه‌شق و راهێنان و ناوبژیوانی له‌ یاریی له‌شجوانی.

پێشتر وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری كارگێڕیی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ئاساییش كاری كردووه‌، هه‌روه‌ها ماوه‌یه‌ك وه‌ك میدیاكاریش كاریی كردووه‌.