"جنێو بە کارمەندەکان مەدەن"

کارەبای کۆیە: ئەگەر گلەییتان لە هەڵدانەوەی پێوەری زیرەک هەیە سکاڵا بکەن

964+

پێشەوا محەمەد

لە کۆیە هاوڵاتیان ئاگادار دەکرێنەوە ئەگەر گلەییان لە درەنگ هەڵدانەوەی پێوەری زیرەک هەیە، سکاڵا لەسەر فەرمانبەری ئێشکگر تۆمار بکەن و واز لە جنێودان بێنن پێیان.

بەپێی زانیارییەکانی 964، کە لە بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای کۆیەوە دەستیکەوتووە، هاوڵاتییەکی زۆر گلەییان گەیاندووەتە فەرمانگەی دابەشکردنی کارەبای کۆیە سەبارەت بە درەنگ وەڵامدانەوەی تەلەفۆن و درەنگ هەڵدانەوەی پێوەرە زیرەکەکانیان و گەڕانەوەی کارەبا بۆیان.

لوقمان حەوێزی، بەڕێوەبەری کارەبای کۆیە بۆ 964ـی روونکردەوە، ژمارە تەلەفۆنەکان زیاد کراون و ژمارەی کۆڕەکیشی بۆ زیاد کراوە تا هاوڵاتیان بتوانن زۆرتر تەلەفۆن بکەن و زووتر وەڵامیان بدرێتەوە.

وتیشی، “گلەییەکە لەوەوە هاتووە تەلەفۆنەکان زۆرجار سەرقاڵ دەردەکەون، ئەوەش پەیوەندیی بە زۆری تەلەفۆنەکانەوە هەیە کە دەکرێت و هەندێ جار کەسێک پێی دەچێت تا لەگەڵ کارمەندی ئێشکگردا قسە بکات”.

پێوەری زیرەکی کارەبا بە جۆرێکە، ئەگەر لەو بڕە دیاریکراوەی سەر پێوەرەکە زیاتر کارەبا بەکاربهێندرێت خۆی دادەدرێتەوە و ئەگەر لە ماوەیەکی کەمدا جارێکی تر دووبارە دادرایەوە پێویستە تەلەفۆن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کارەبا بکرێت بۆ هەڵدانەوەی.

“هاوڵاتیان دەتوانن لە حاڵەتی گلەییان لە کارمەندی ئێشکگر بێن لە بەڕێوەبەرایەتی سکاڵا بنووسن نەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان قسەی نەشیاو لەسەر ئەو کارمەندانە بکەن”، ئەوەش قسەی بەڕێوەبەری کارەبای کۆیەیە.

شاری کۆیە 37 هەزار هاوبەشی کارەبای هەیە.

حەوت پرۆژەی کارەبا لە کۆیە و دۆڵی سماقوڵی جێبەجێدەکرێن

حەوت پرۆژەی کارەبا لە کۆیە و دۆڵی سماقوڵی جێبەجێدەکرێن