وەڵامی ڤیزا و داخستنی شەقامەکە نادەنەوە

باڵیۆزی فەرەنسا لە سلێمانی: ئەم شوێنەی تێیداین زۆر گرنگە

964+

دیلان محەمەد جەزا- سلێمانی

باڵیۆزی گشتیی فەرەنسا لە بەغدا و کونسوڵی فەرەنسا لە هەولێر ئەمڕۆ لە سلێمانی بوون، سەردانی ئەو قوتابخانە تاقانەیەیان کرد کە بە فەرەنسی منداڵان تێیدا دەخوێنن.

لە سلێمانی قوتابخانەی دانیال میتەران هەیە، یەکێکە لە قوتابخانە ئەهلییە باشەکان، منداڵان لەوێ بە کوردی و فەرەنسی و ئینگلیزی دەخوێنن و فێری دوو زمانی زیندووی دنیا دەبن، ئەمڕۆ تیمە فەرەنسییەکە لەوێ بوون بۆ ئەوەی پاڵپشتی قوتابخانەکە بکەن.
پاتریک دۆرێل باڵیۆزی گشتیی فەرەنسا لە عێراق بە 964 وت، ”ئەمە یەکێکە لەو دوو قوتابخانە فەرەنسییەی لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەم قوتابخانانە بوونەتە پردی پەیوەندی کولتووری لە نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان.
وتیشی ”ئەم قوتابخانە فەرەنسییە بە کوالێتی زۆر بەرز خوێندن پێشکەش دەکات و دەبنە مایەی کرانەوە بە رووی هەموو جیهان”.

ئێستا لە قوتابخانەی فەرەنسی دانیێل میتران لە سلێمانی 140 قوتابی دەخوێنن و قەول وایە بۆ ساڵی داهاتووی خوێندن زیاتریش بن.
پەیامنێری 964 هەر لە قوتابخانەکە ویستی دەرفەتی بینینی باڵیۆز بقۆزێتەوە و لێی بپرسێت ئاخۆ بە نیازن ئاسانکاری بۆ پێدانی ڤیزا بکەن، بەڵام ئەو تیمە کوردەی لەگەڵیدابوون نەیانویست پرسیارەکە بکرێت، باڵیۆز خۆیشی وەڵامی نەدایەوە.
دواتر پەیامنێری 964 ویستی لە یان برێم، کونسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان بپرسێت ئاخۆ هیچ دەنگوباسێک هەیە ئەو شەقامەی بەردەم کونسوڵخانە لە هەولێر بکرێتەوە کە داخراوە، بەڵام خۆی لە وەڵامدانەوە پاراست.
کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەولێر لەسەر شەقامی 30 مەترییە لەبەرامبەر ئەنجومەنی وەزیران، ساڵانێکی زۆرە بە هۆی کونسوڵخانەوە بەشێکی سایدێکی ئەو شەقامە سەرەکییە داخراوە، کە دەچێتەوە بۆ لای قەڵا و شۆفێران دەبێ پێچاوپێچ بکەن تا دێنەوە سەر شەقامە سەرەکییەکە.

فەرەنسا داوا دەکات هاوڵاتیەکانی نەچن بۆ چوار وڵات

فەرەنسا داوا دەکات هاوڵاتیەکانی نەچن بۆ چوار وڵات