سۆران عومه‌ر بۆ 964
چاوه‌ڕێ ده‌كرێت پێش جەژن موچەی هێزە ئەمنییەکان دابەش بکرێت
964+
دیلان محەمەد جەزا – سلێمانی
بڕیاردراوە لیستی ناوی هێزەکانی 70 و 80 ی پێشمه‌رگه، دوای وردبینی رەوانەی بەغداد بکرێت، پێشبینیش دەکرێت پێش جەژن موچەی مانگی چوار و پێنجی هێزە ئەمنییەکان بگاتە هەرێم.
سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئه‌مڕۆ شه‌ممه 8.6.2024 بە 964ی وت، لە رابردوودا حکومەتی هەرێم ئامادە نەبوو لیستی هێزە ئەمنییەکان بنێرێت، بەڵام لە رۆژی شه‌شی ئه‌م مانگەوە بڕیاریداوە لیستەکان ئامادە بکات و وردبینی بکرێت.
باسی لەوەش کرد، تەنیا ژماره‌ی دەزگای ئاسایش و ئەنجومەنی ئاسایش ژمارەیان نزیکەی 43 هەزار کەسە، بۆ ئه‌مه‌ش دەتوانرێت بە شێوازێکی دیکە لیسته‌كان بنێردرێت بەهۆی هەستیاری کارەکانیانەوە.
ئەوەی خستەڕوو، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی كوردستان بڕیاریداوە لیستی ناوی یەکەی 70 و 80 و بەرگریی فریاکەوتن و زێرەڤانی ئامادە بکرێت و وردبینی بکرێت، بۆ ئەوەی رادەستی بەغداد بکرێت.
وتی: “پێشبینی دەکرێت دوای وردبینی ناوی هێزە ئەمنییەکان موچەی مانگەکانی چوار و پێنج پێش جەژنی قوربان بنێردرێت”.
ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌مڕۆ شه‌ممه شاندێكی چاودێریی دارایی له به‌غداوه گه‌یشتوونه‌ته هه‌ولێر بۆ وردبینیكردنی لیستی ناوی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كان.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا