3 پەرلەمانتاری کوردی تیادایە

182 پەرلەمانتار داوا دەکەن ئێزدی وەک نەتەوە بناسێندرێت

توانا نەقی

لەلایەن ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و بە واژۆی 182 پەرلەمانتار کە سێ کەسیان کوردن داواکراوە ئێزیدی بە نەتەوەیەکی جیاواز قبوڵبکرێت لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

964 سەرجەم ئەو نوسراوانەی دەستکەوتووە کە ئاراستەی پەرلەمان کراوە و ئەوەی کە لەپەرلەمانەوە دەرکراوە ئارستەی لیژنەی یاسایی کراوە کاری لەسەربکرێت و تەنانەت واژۆکانیشی دەستکەوتووە.

بە نوسراوی فەرمی لەلایەن سەرۆکی کوتلەی ئیزیدیەکان لە 8.4.2024 ئاراستەی سەرۆکی پەرلەمان کراوە و تیادا لە ژێر ناوی “پرۆژە یاسای نەتەوەی ئێزیدی” داوای لە لیژنەی یاسایی کردووە کە وەک نەتەوەیەک لە نەتەوەکانی عێراق بناسرێن.

دوێنێ سێشەممە، 4.6.2024 نوسراوەکەی کوتلەی ئێزیدی لەلایەن نوسینگەی جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق وەڵام دراوەتەوە و رەوانەی لیژنەی یاسایی کراوە.

لەسەر ئەو نوسراوەی کە داوای ناساندنی ئێزیدیەکان دەکات وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە عێراق سێ پەرلەمانتاری کورد یەکێک لە فراکسیۆنی پارتی و دوان لە فراکسیۆنی یەکێتی واژۆیان کردووە.

نوسراوەکە ناڕوون بوو بۆیە واژۆمان کرد و وامانزانیوە بۆ قەرەبووی ئێزیدیەکانە

زۆزان عەلی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی کە واژۆی کردووە لەسەر نوسراوەکە بۆ 964 وتی، ” من واژۆم کردووە کاتێک وامزانیوە تەنیا بۆقەرەبوو کردنەوەی ئێزیدیەکانە کە قوربانی دەستی داعشن، بەڵام کاتێک زانیم کە ئەو بابەتە رەهەندێکی سیاسی لە پشتە و بۆ جیاکردنەوەی ئێزیدیەکانە وەک نەتەوەیەکی جیاواز لە کورد واژۆکەم کێشاوەتەوە”.

وتیشی، بەداخەوە ئەو بابەتە بە سیاسی کراوە و دژی دەستورە ئەگەر لیژنەی یاساییش بینێرەتە پەرلەمان و بۆ دەنگدان ناتوانرێت تێپەڕێندرێت چونکە پێچەوانەی دەستورە و بوونی نییە لە دەستوردا.

“ئەو نوسراوەی کە هێنرایە بەردەستمان ناڕوونی تیادا بوو بۆیە نەمانزانی باسی نەتەوەی جیاواز دەکات تەنیا ئەو بڕگەیەمان وەرگرت کە باسی قوربانی دەستی داعش دەکات بۆیە واژۆمان کرد، ئەگینا نابێت هیچ پەرلەمانتارێکی کورد واژۆ لەسەر وەها نوسراوێک بکات” زۆزان عەلی وای وت.

واژووەکەم کشاندەوە و دژی هەربڕیارێکی لەو شیوەیەین

سۆزان مەنسور بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی کە واژۆی کردووە لەسەر ئەو نوسراوە بە 964ـی وت، هەر ئەمڕۆ واژۆکەم کێشاوەتەوە، چونکە بە ئێمەیان وتووە
کە بۆ قەرەبووکردنەوەی ئێزیدیەکانە نەمانزانیوە بۆ جیاکردنەوەی نەتەوەی ئێزیدیە و بە هیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین”.

964 پەیوەندی کرد بە پەرلەمانتاری سێیەم کە ئەحلام رەمەزانە و لە فراکسیۆنی یەکێتیە و واژۆی کردوە، بەڵام ژمارەیەکی نەناسراوی داناوە و پەیوەندیەکەی وەرنەگیرا.