ژمارەیەک زەوى کە پێشتر لەلایەن شارەوانى سلێمانى دابەشکرابوون... وێنە: شارەوانى سلێمانى
روونى دەکەینەوە
کێن ئەوانەى سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوى
964+
وریا فەتاح
رێنمایی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقائیعی كوردستان بڵاوكرایەوە و روونکراوەتەوە کە کێن ئەوانەى سودمەند دەبن لە وەرگرتنى زەوی یان سودمەند نابن.
رێنماییەکانى لە 27.3.2024 دەرکراون
بەپێى رێنماییەکان، دابەشکردنى زەوى هەموو فەرمانبەرانى مەدەنى و سەربازى و هێزەکانى ئاسایشى ناوخۆ دەگرێتەوە.
لە بارەى خانەنشینانیشەوە، لە رێنماییەکەدا هاتووە کە دابەشکردنى زەویی ئەو فەرمانبەرە خانەنشینانە دەگرێتەوە کە لە ژیاندا ماون.
رووبەری زەوی تەرخانكراو (200) مەتر دەبێت نرخی یەك مەتر پێنج هەزار دینار دەبێت لە ناوپارێزگاكان و سێ هەزار دینار دەبێت لە قەزاكان.
لە مەرجەکاندا هاتووە، پێویستە فەرمانبەر پێشتر سودمەند نەبوبێت لە وەرگرتنى خانوو و یان زەوى یان شوقەى نیشتەجێبوون.
ئەگەر ژن و مێرد فەرمانبەربوون و هەردووکیان خاڵەکانیان کۆدەکرێتەوە و زەوییەکە بەناوى ئەو کەسە دەکرێت کە خاڵى زیاترە.
لە بارەى ئەو فەرمانبەرانەى کە لە ژیاندا نەماون، بەڵام پێش مردنی مامەڵەى تەرخانکراوى زەوى هەبووە، وەرەسەکانیان مافى وەرگرتنى زەوییەکەیان هەیە.
لە خاڵى 11ـى مادەى 2 دا هاتووە، هەر فەرمانبەرێک زەوى یان خانوو یان شوقەى حکومى وەرگرتبیت، بە سودمەند هەژمار دەکرێت.
دیلەکانى جەنگ و زیندانیانى سیاسى کە پێشتر زەویان وەرگرتووە بە سودمەند هەژمار دەکرێن.
هەر فەرمانبەرێك كە مەرجەكانی ئەم رێنماییانە دەیانگرێتەوە داواكاری و بەڵێننامەی سودمەندنەبوون پێشكەشی فەرمانگەكەی بكات لەرێگای فۆرمی تایبەتەوە.