یەکى حوزەیران ژوانیان هەیە
کوێستانەکانى چۆمان چاوەڕوانى رەوەندە کۆچەرییەکان دەکەن
964+
ئاکام غەفور- سۆران
چه‌ند رۆژێكى دیكه، ره‌وه‌نده كۆچه‌رییه‌كان بارگەوبنەیان ده‌پێچنه‌وه و به‌ره‌و كوێستانه‌كان به‌ڕێده‌كه‌ون، وه‌ك هه‌موو ساڵێكێكیش چه‌ند مه‌رجێك بۆ رهواندهكان له‌لایه‌ن ئیداره‌ى ئه‌م شوێنانه داندراوه كه بۆی ده‌چن.
لە چۆمان کە چەندین کوێستانى لێیە ئامادەکاری كراوه بۆ هاتنی ره‌وه‌نده‌كان، مەرجى سەرەکیش ئەوەیە كه هەر رهوهندێك بە پیادە ئاژەڵ بگوازێتەوە كوێستانه‌كان سزا دەدرێت.
یەکێکى تر لەو مەرجانەى بۆ ئەو ئاژەڵدارانەى سەردانى کوێستانەکانى چۆمان دەکەن ئەوەیە کە پێویسته نووسراوى گواستنەوەى ئاژه‌ڵه‌كانیان پێبێت و مۆڵەتیشیان وەرگرتبێت.
ئەحمەد بارزان، قایمقامی قەزای چۆمان، بە 964ـی وت، پێش گواستنەوەی ئاژەڵەکان پێویسته پشکنینی ڤێتێرنەریان بۆ بکرێت و پاشان بە بارهەڵگر بگوازرێنەوە بۆ کوێستانەکان.
ئاشکراشى کرد، ئاژەڵداران تاکو یەکی مانگی حوزەیران ناتوانن روو لە کوێستانەکانی سنورەکە بکەن، پێش هاتنیشیان دەبێت ئەو مەرج و ڕێنمایانە جێبەجێ بکەن کە بۆیان دیارى کراوە.
بە وتەى قایمقامى چۆمان، هەر ئاژەڵدارێک لای ئه‌وان تۆمار کرا ناوەکەی دەدرێته بازگەکان بۆ ئەوەی رێگایان پێبدرێت بچنە کوێستانەکان.
مەرجى پێ‌داگر لەلایەن ئیدارەى سۆرانەوە ئەوەیە کە نابێت ئاژەڵەکان بە پیادە بگوازرێنەوە، وەک قایمقامى چۆمان دەڵێت، هه‌ر ئاژەڵدارێک پابەند نەبێت سزای دارایی دەدرێت و ساڵێکی تر رێگای پێ‌نادرێت روو لە کوێستانەکانی چۆمان بکات.
ساڵانه جگه له كوێستانه‌كانى سنوورى چۆمان، ره‌وه‌نده‌كان روو له كوێستانه‌كانى بنارى قه‌ندیل و پێنجوێن و چه‌ند ناوچه‌یه‌كی دیكه‌ش ده‌كه‌ن و له‌هه‌موو ئه‌و شوێنانه‌ش مه‌رج و رێنماییان بۆ داندراوه.
بەپێی ئەو ئامارانەی دەست 964 کەوتوون، ته‌نیا له ساڵی رابردوودا زیاتر لە 200 ماڵە رەوەند لە کوێستانەکانی چۆمان بوون.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح