لە کانی بەردینە

ئیبراهیمی پورجیهان 44 ساڵە نەقاڕی بەرد دەکات

964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

پیشەوەرێكی كارامە و بە توانا 44 ساڵە لە داتاشینی تلی كانە بەردەكانی گوندی كانی بەردینە ، بەردی نەقاڕی و جوانكاری دروست دەكات و دەڵێت، “كاتێك لێرە کارم كردووە ئەوەندە بچووك بووم، نەمتوانیوە عارەبانەی دەستی پاڵ بنێم”.

لە كانە بەردەكان چەندان جۆری بەرد بە كەرەستەی سەرەتایی وەك نوێڵ، پیك و پواس بەرهەمدەهێنرێت لەوانە، (بەردی نەقاڕی، تەڵاش، عادی، بەردی دانە، گۆشە و تەلەبەرد) كە بۆ بیناسازی و كاری جوانكاری بەكاردێن.

ئیبراهیم حسێن كە وەك خۆی دەڵێت بە ئیبراهیمی پورجیهان ناسراوە بە 964ی وت، “من خەڵكی خێوەتەی دۆڵە رووتم و لە ساڵی 1980 وە لە كانە بەردەكان کار دەكەم، سەرەڕای قورسی كارەكەم، بەڵام توانیومە بژێوی 10 سەرخێزانی لەسەر پەیدا بكەم، وە كوڕێكی خۆشم هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ خۆم كاردەكات و لەسەر ئەم پیشەیە بەردەوامە”.

زۆر جار هەڵكەوتووە بەهۆی جوانی كارەكەیانەوە نرخی زیاتریان پێدراوە و هەروەك پەرجیها بۆمانی گێڕایەوە، “كە جارێك داواكاری 1000 بەردمان لەسەر بوە بە نرخێك رێككەوتووین، كاتێك هاتوون بۆ باركردنی نرخێكی زیاتریان پێداون، لەبەر ئەوەی کارەكەیان بەلاوە جوان بووە”.

بە قسەی پورجیهان، “كارەكەیان قورس و ناڕەحەتە”، وەک باسیدەکات زۆرجار لەو كانە بەردانە كەوتووەتە خوارەوە و بریندار بووە، بەڵام هەر باوەڕی بە ئیشەكەی خۆم هەبووە و بەردەوام بووە لەسەری، “پێویستە هەمووكەسێك پشت بەخۆی ببەستێت، ئامانجم ئەوەیە چاوەڕێی دەستی كەس نەكەم و بە سەربەرزی خۆم كاربكەم” ئیبراهیم پورجیهان وای وت.

پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا

پەنجا ساڵە بژێوی ژیانی لەسەر ئاسن کوتینە

پەنجا ساڵە بژێوی ژیانی لەسەر ئاسن کوتینە