مەسرور بارزانی: دەمانەوێت بەروبوومی خۆماڵی بۆ ئەوروپا بنێرین
964+
هێمن بەکر
مەسرور بارزانی دەڵێت، دەیانەوێت بەردەوامی بە هەناردەکردنی بەروبوومی کوردستان بۆ کەنداو بدەن و ئەو پرۆسەیەش ئەوروپا بگرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستە قسەیان کردووە لەگەڵ بەشێک لە وڵاتان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 19ی کانونی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ئەو قسانەی لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی لە شاری داڤۆسی سویسرا کرد، کە بۆ ئامادەبوون لە کۆڕبەندی ئابووری جیهان چووەتە ئەوێ.
لە کۆنفرانسەکەدا، باسی لە چەندین بابەت کرد، وەکو نوسینەوەی پرۆژەیاسای بودجەی 2023ی عێراق، هەناردەکردنی بەروبوومی کشتوکاڵ لە کوردستانەوە بۆ وڵاتان، دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە کۆڕبەندەکە بەشدارن و گرفتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی.
مەسرور بارزانی وتی، بە هیواوە لە هەنگاوەکانی بەغدا دەڕوانن بۆ نوسینەوەی پرۆژەیاسای بودجەی 2023، وتی کە دەخوازن رێککەوتن بکرێت و کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق چارەسەر بکرێن.
هەروەها لەبارەی هەناردەی بەروبوومەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەرچی لە ئێستادا تەنیا هەنار هەناردەی وڵاتانی کەنداو دەکەن، بەڵام لە پلانیاندایە بەروبوومی دیکە رەوانە بکەن، نەک تەنیا بۆ کەنداو، بەڵکو بۆ وڵاتانی دیکەی ئەوروپا و جیهانیش.
لەو رووەوە وتی، “داوام لە بەشێک لە کەسانی باڵادەستی بەشداربوو لە کۆڕبەندەکە کردووە، ئاسانکاریی بکەن بۆ هەناردەکردنی بەروبوومی کوردستان و وەڵامیان ئەرێنیی بووە”.
مەسرور بارزانی، لەبارەی گرفتەکانی نێوان پارتی و یەکێتی ئاماژەی بەوە کرد، هەرکاتێک تۆمەتبارانی کوشتنی هاوکار جاف رادەستی دادگا کران، ئەوا ئەو دوو حیزبە دەست بە گفتوگۆ دەکەنەوە.
کۆڕبەندی ئابووری جیهانیی لە داڤۆس، ساڵانە لەم کاتە دەکرێت و زۆرێک لە سەرکردەکانی جیهان کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی جموجوڵە نوێیە ئابوورییەکان.