وا بانگەشەیەکی تر دێتەوە و لیتاوەکەی بالیسان هەر حەل نەکرا
تۆڕى 964
فەرهاد حەسەن
دانیشتوانی گەڕەكی شەهیدان لە ناحیەی بالیسان، بەهۆی بێ خزمەتگوزاری گەڕەكەكەیانەوە، لە وەرزی زستاناندا لە ناو قوڕ و لیتە دەژین، ئەوان دەڵێن، لە بانگەشەی هەڵبژاردنی رابردوو بهڵێنیان پێدراوە بۆیان چارەسەر بکەن، بەڵام تەنیا قسە بووە تاوەکو ئێستا.
لە 16ی نیسانی ساڵی 2011 بەردی بناغەی 150 خانوو بۆ كەسوكاری شەهیدانی كیمیابارانی دۆڵی بالیسان دانرا و ناویان لەو گەڕەكە نا شەهیدان، بەڵام ماوەی 12 ساڵە لە وەرزی زستان خاوەنی ئەو خانووانە بەهۆی قیرتاونەكردنی كۆڵانەكانیان لە ژیانێکی زەحمەتدان.
موحسین ساڵح، خاوەنی یەكێك لە خانووەكانە بە +964ـی وت، “12 ساڵە ئەوە حاڵمانە حكومەت هیچمان بۆ نەكات، تەنانەت كاتێك ئەو خانووانەشمان وەرگرت بە كۆمەڵێك كەموكوڕییەوە دایان بەئێمە”.
ئاماژە بەوەشدەكات، نوێنەری كەسوكاری شەهیدان و كۆمیتەی یەكێتی و نوێنەری ناحیەی بالیسان سەردانی ئیدارەی گشتی یەكێتییان كرد، بڕیار درا خزمەتگوزارییەكان بۆ گەڕەكەكە دابین بكات و دەستكرا بە ئیشكردن، بەڵام دواتر بەهۆی رووداوەكانی 8ی تەمموز، كارەكانیان وەستاند.
بهپێی زانیارییهكانى تۆڕی 964، بەشێكی زۆر لە كەسوكاری شەهیدانی ناو ئەو گەڕەكە ماڵیان گواستووەتەوە بۆ شوێنێكی تر، بەشێكی خانووەكانیش بە چۆڵی ماونەتەوە و بوونەتە كەلاوە، بەشێكیشیان لەسەریان نووسراوە، “خانوو بۆ فرۆشتن”.
موحسین ساڵح وتیشی “چەند جارێك خۆمان خزمەتگوزاریمان دابینكردووە، لە كاتی بانگەشەی هەڵبژاردنیش حكومەت بەڵێنی پێداین، بەڵام دوای بانگەشە كەس بەلامانەوە نەهات”.
سەمەد عەبدوڵا یەكێكی ترە لە كەسوكاری شەهیدان و نیشتەجێی ئەو گەڕەكەیە دەڵێت “ئەگەر ئەم گەڕەكە گەڕەكی شەهیدان بێت، چۆن دەبێت لەناو قوڕ و لیتە بن”.
لای خۆیەوە، مەهدی مستەفا تووتمەیی، بەڕێوەبەری ناحیەی بالیسان بە تۆڕی 964ی وت “داوامان كردووە بۆ تەواوكردنی كەموكورتییەكانی گەڕەكی شەهیدان، بەڵام لایەنی پەیوەندیدار بەدەممانەوە نەهاتوون و وەك پێویست نەهاتوونەتە سەر خەت”.