چارەسەر کراوە
دیسان لە رێگای دەربەندیخان نەوت رژا
964+
بەهرە محەمەدئەمین
بەهۆی رژانی نەوت بۆ ماوەی شەش کاتژمێر لە رێگای دەربەندیخان بۆ زەڕایەن ئاستەنگی هاتوچۆ دروست بوو، بارهەڵگرەکان سزا دەدرێن.
بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو، دوو تنکەر بە رژاندنی نەوت و رۆن کێشە و ئاستەنگی هاتوچۆیان بۆ شۆفێران دروست کردووە.
بە پێی راگەیەندراوەکەی هاتوچۆی دەربەندیخان، یەکێک لە تانکەرەکان کاتژمێر 1:30ی شەوی رابردوو لە نزیک گوندی سێدارە تا هەورازی نزیک گوندی ئاشتی نەوتێکی زۆری رشتووە و کێشەی بۆ شۆفێران لە رێگای دەربەندیخان بۆ زەڕایەن دروست کردووە.
هاتوچۆی دەربەندیخان راشیگەیاند، تانکەرێکی دیکە لە شەقامی 30 مەتری یەکەم کە تایبەتە بە بارهەڵگرەکان، لە ناو دەربەندیخان تا مارکێتی ناوازە، رۆنی رشتووە، ئێشکگری بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی دەربەندیخان دەستی بەسەر هەردوو تانکەرەکەدا گرتووە.
هاتوچۆی دەربەندیخان رایگەیاند، هەردوو شەقامەکەیان خۆڵڕیژ کردووە و دوای شەش کاتژمێر رێگاکە ئاسایی بووەتەوە.
هەر کاتێک بارهەڵگرەکان بە رژاندنی سووتەمەنی کێشە لە رێگاکاندا دەخوڵقێنن، جگە لە دەست بەسەردا گیرانی بارهەڵگرەکانیان و سزای پێبژاردن، دەبێت خەرجی پاککردنەوە خۆڵڕێژ کردن، کرێی کاتژمێرەکانی کارکردنی شۆڤڵەکەش لە ئەستۆ بگرن.