جووەکانی کوردستان داوای کردنەوەی ناوەندێکی کولتووری دەکەن

+964

فەهمی نەبی – هەولێر

کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر، نوێنەری هەشت پێکهاتەی ئایینی لە مزگەوتی جەلیل خەیات کۆدەکاتەوە و باسی بەیەکەوە ژیانی ئایینیان بۆ دەکات، جووەکانیش داوای کردنەوەی شوێنێکی کولتووری و رۆشنبیرییان لەو کۆبوونەوە کردووە.

بەگوێرەی پەڕەی فەرمی کونسوڵخانەی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک دانیشتنەکە بۆ گفتوگۆکردن دەربارەی ئازادی ئایینی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بووە.

لە دانیشتنەکە ئێرڤن هیکس، کونسوڵی ئەمریکا لە هەولێر دەردەکەوێت، قسە بۆ ئامادەبووان دەکات و باسی رۆژی “مارتن لۆسەر کینگ” دەکات.

خالید جەمال، بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحیەکان لە وەزارەتی ئەوقاف، بەشداری کۆبونەوەکە بووە و قسەی بۆ +964 کرد، دەڵێت: نوێنەری پێکهاتەکان داواکارییان لە کونسوڵ هەبوو لەوانە نوێنەری جووەکان داوای کردنەوەی شوێنێکی کولتووری و رۆشنبیریان لە کونسوڵ کرد.

بە وتەی خالید، کونسوڵی ئەمریکا، داوای کردووە، پێکهاتەکان سەرجەم داواکاریەکانیان بکەنە یاداشتێک و بەڵێنی جێبەجێکردنی هەموو داواکارییەکانی داوە.

ئەو داوایەی نوێنەری جووەکان لە هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە لە عێراق بە یاسا هەموو ئاسایی بوونەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسڕائیل قەدەغە کراوە، بەڵام لە یاسایەکەدا بە دیاریکراوی هیچ بڕگەو ماددەیەک نییە باس لە چۆنیەتی مامەڵەکردنی دەوڵەتی عێراق بکات لەگەڵ جووەکانی ئاکەنجی ناوخۆی عێراق.

نەبوونی وەها بڕگەو ماددەیەک لە یاسایەکەدا، هاوکاتە لەگەڵ بوونی یاسای ژماره ( 5)ـی ساڵی 2015، یاسای پاراستنی مافی پیکهاتەکان له کوردستان و بوونی بەڕێوەبەرایەتی پێکهاتە ئایینییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی.