لە هەڵەبجە
لەسەر بڕینەوەی دوو دار هاوڵاتییەک دەدرێت بە دادگا
964+
پێشەوا محەمەد
لەسەر بڕینەوەی دوو دار لە بەردەم ماڵەکەیدا، فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە هاوڵاتییەک دەداتە دادگا.
بە پێی زانیارییەکانی فەرمانگەکە کە بە 964 دراوە، ئەو کەسە بێ پرسی لایەنی پەیوەندیدار ئەو دوو دارەی بڕیوەتەوە و دواتر فەرمانگەکە پێیزانیوە و لیژنەی بۆ پێکهێناوە.
سەرهەنگ عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، ئەو دارانەی ئەو کەسە بڕیونەتییەوە داری بەتەمەن بوون و بێ ئاگاداریی هیچ لایەنێکی پەیوەندیداریش کارەکەی کردووە.
وتیشی، “ئەو کەسە ئامادەیی دەربڕیوە قەرەبووی بڕینەوەی دارەکان بکات بە کڕین و روواندنەوەی داری تر لە شوێنی دیکە، بەڵام ئێمە لێمان قبووڵ نەکردووە و سکاڵای لەسەر تۆمار دەکەین”.
زانیاریی بەڕێوەبەرایەتییەکە ئاشکرای دەکات، هەندێک هاوڵاتی فێربوون بەناوی جوانکردنی رووکەشی خانوو یان باشتردەرخستنی دوکان و مارکێتەکانیان دار دەبڕنەوە.
“بۆ ئەوەی ئەو حاڵەتە نەبێت بە چاولێکەری ئێمە ئەو کەسە دەدەین بە دادگا و دادگاش بڕیار دەدات ئەگەر ئەو کەسە یەکەمجاری بێت ئەو کارە بکات سزای مادی دەدات و ئەگەر دووەمجاری بێت زیندانی دەکرێت”، ئەوەش قسەی سەرهەنگ عەبدولڕەحمانە.