بێبەرامبەرن

دوو خوولی پیشەیی لە سلێمانی دەکرێنەوە

964+

پێشەوا محەمەد

دوو خولی پیشەیی لە شاری سلێمانی بێبەرامبەر دەکرێنەوە و بەڕێوەبەرایەتیی راهێنانی پیشەیی سلێمانی دەڵێت، خولەکە بۆ زیاتر رەخساندنی دەرفەتی کارە بۆ ئەوانەی بەشداریی دەکەن.

خولەکە رێکخراوی UNDP بە هاوکاریی بەڕێوەبەرایەتییەکە دەکرێتەوە و بریتین لە خوولەکانی چاککردنەوەی مۆبایل و گرافیک دیزاین.

کەریم ئەحمەد، بەڕێوەبەری راهێنانی پیشەیی سلێمانی بە 964ـی راگەیاند، خولەکە بە مەبەستی هاوکاریکردنی بەشداربووانە بۆ بوون بە خاوەن پڕۆژەی خۆیان و لەو رووەشەوە بەڕێوەبەرایەتییەکەیان و رێکخراوەکەش دوای خولەکە هاوکارییان دەکەن.

وتیشی، “ئێمە بەردەوام خولی پیشەیی جۆراوجۆر لەسەر بنەمای خواستی بازاڕ بێ بەرامبەر دەکەینەوە و ئەوانەی بەشداریی دەکەن دەتوانن ببنە خاوەن پڕۆژە و دەستخستنی کاری خۆیان”.

لە خولەکاندا خواردن بۆ ئامادەبووان ئامادە دەکرێت و لە کۆتایی خولەکەشدا جگە لە بڕوانامە، بڕێک پارە لەبری هاتوچۆ بە بەشداربووان دەدرێت.

“خولەکە 30 رۆژی کرداری دەبێت و لە 19.5.2024 دەستپێدەکات”، ئەوەش قسەی کەریم ئەحمەدە.

بەڕێوەبەرایەتیی راهێنانی پیشەیی سلێمانی مەرجەکانی بەشداریکردنی دیاریکردوون:

*دەبێت بەشداربوو بێکار بێت.

*بەشداربوو نابێت خوێندکار بێت یان لە پڕۆسەی خوێندن بەردەوام بێت.

*بەشداربوو نابێت فەرمانبەر یاخود مووچەخۆری حکومەت بێت.

*تەمەنی لە نێوان 18 بۆ 30 ساڵ بێت.

*بەشداربوو دەبێت دانیشتووی سنووری شاری سلێمانی یاخود دەروبەری بێت.

*دەبێت بەشداربوو سەرجەم رۆژەکانی خول ئامادە بێت جگە لە رۆژانی پشووی فەرمی.

*بەشداربوو دەبێت توانای دانان و بەڕێوەبردنی پڕۆژەی هەبێت دوای خولەکە.

دوو خولی پیشەیی لە بازیان دەکرێنەوە

دوو خولی پیشەیی لە بازیان دەکرێنەوە