فۆتۆ: 964+
ئەفسەرێک و شۆفێرەکەی کوژران
964+
کاروان ساڵح – کەرکوک
ئەفسەرێک و شۆفێرەکەی دەکەونە بۆسەیەکی چەکدارانی نەناسراوەوە و دەکوژرێن.
رووداوەکە دەرنگانی شەوی رابردوو لە ناوچەی جەبەل بۆر لە باشووری رۆژهەڵاتی شاری کەرکوک روویداوە، ئەفسەرەکە پلەی مقەدەمی هەیە و ناوی نەوزاد حسێن عەلی یە و سەر بە فەوجی سێی پۆلیسی فریاکەوتنی کەرکوکە.
964+ لە سەرچاوەیەکی پۆلیسی کەرکوکەوە دەزانێت؛ ئەو ئەفسەرە لە کاتی بەسەرکردنەوەی خاڵە سەربازییەکانی هێزەکەیدا ئەو هێرشەکەی کراوەتەسەر و “پێدەچێت چەکدارانی تیرۆریستیی داعش ئەو کارەیان کردبێت”.
عامر حسێن عەلی، برای مقەدەم نەوزاد بە 964+ـی راگەیاند: بەداخەوە براکەم لە کاتی ئەرکدا شەهید کراوە، بەڵام بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکوک زۆر خەمسارد بوون بەرامبەری لە پرسەکەی و مەراسیمی ناشتنەکەیدا.
964+ دەزانێت، ئەو ناوچەیەی مقەدەم نەوزاد و شۆفێرەکەی تێدا کوژراون، بۆشایی ئەمنی هەیە و پێشتریش پێشمەرگەی تیایدا شەهید کراوە و هاوڵاتیی تری تێدا رفێندراوە.