دوو ئەندازیاری کشتوکاڵی یۆنانی لە بەردەڕەش بنەتۆی گەنمەشامی بەرهەمدەهێنن

+964

زەید کۆچەر – بەردەرەش

لە دەڤەری بەردەڕەش، دوو ئەندازیاری کشتوکاڵی یۆنانی سەرپەرشتی بەرهەمهێنانی بنەتۆی گەنمەشامی دەکەن.

بۆ یەکەمجار لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کورستان، لە دەشتی ناوکۆری سەر بە قەزای بەردەڕەش دوو ئەندازیاری کشتوکاڵی یۆنانی سەرقاڵی بەرهەمهێنانی جۆرێکی نوێی گەنمەشامین.

ئەوەی ئەوان کاری لەسەر دەکەن، بنەتۆی گەنمەشامییەو دەڵێن زۆر لەو بنەتۆیەی لە وڵاتانی ئێران و تاجیکستان و تەنانەت یۆنانیش، باشترە.

 بەشار مشیر ئاغا گۆران، وەک جۆتیارێکی نموونەیی لەپاڵ گرنگی دانی بە بەرهەمی پەتاتە، ئامانجیەتی گەنمەشامیش جیاوازتر لەبەرهەمەکانی تر بەرهەم بێنێت.

ئەو قسەی بۆ +964 کردووەو دەڵێ: دوای هەماهەنگی کردنمان لەگەڵ کۆمپانیایەکی یۆنانی کە کار لەسەر بەرهەم هێنانی گەنمەشامی دەکات، 200 دۆنم زەویمان بۆ تاقیکردنەوە تەرخان کرد.

زیاتر وتی “لە دوای دوورینەوە و کۆگاکردنی بەشێوەیەکی زانستیانە، لە داهاتوودا بەنرخێکی کەمتر لەبەرهەمی گەنمەشامی هاوردە بەسەر جوتیارانی بەرهەمهێن دابەش دەکەین”.

بەردەڕەش و دەشتی ناوکۆر، زەویەکانی لەبارن بۆ بەرهەمهێنانی جۆرەها بەربوومی کشتوکاڵی و لە ئێستادا دەشتی ناوکۆر بە گەورەترین دەشتی بەرهەمهێنانی پەتاتە و بەربوومی کشتوکاڵی دادەنرێت لە هەموو عێراق و هەرێمی کوردستان .