“ئه‌ژداد” پێویستى ناوخۆ و عێراق له مریشك پڕده‌كاته‌وه
+964
فه‌رهاد حه‌سه‌ن – هه‌ولێر
وەزارەتی کشتوکاڵى هه‌رێم، ئاشكراى كرد له‌رێگه‌ى پڕۆژه‌ى “ئه‌ژداد”ه‌وه پێویستییەكانى گۆشتى مریشك له‌ناوخۆى هه‌رێم و عێراق پڕده‌كرێته‌وه، چونكه ده‌ڵێ “به‌رهه‌می ساڵانه‌ى 200 ملیۆن کیلۆ گۆشته”.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان به +964 ـى رایگەیاند “ساڵانە تەنیا لە رێگەی پڕۆژەی ئەژدادەوە 200 ملیۆن کیلۆ گۆشت دەخرێتە بازاڕەوە”. وتیشی، دوای پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆیی له‌هه‌رێم، مۆڵەتیان بە خاوەنی پەلەوەرخانەکان داوە بەرهەمەکان هەناردە بکەن.
روونیشی كرده‌وه، پڕۆژەی (ئەژداد) کە بە پڕۆژەی مریشکی دایکانەش ناسراوە، لە وڵاتانی دەوروبەر و عێراقیش نییە، تەنیا لە هەرێمی کوردستان هەیە.
+964 لەرێگهى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی سامانی ئاژەڵ ورده‌كارى چۆنیه‌تى به‌رهه‌مهێنانی له‌و پڕۆژه‌یه‌ی زانیوه، كه ئەو پڕۆژەیە بۆ بەرهەمهێنانی دایكانەی مریشكە واتا (کەڵەشێر و مریشک)، بۆ بەرهەمهێنانی گۆشت و هێلكە، دوو ساڵ جارێک لە دەرەوەی وڵات جوجکە هاوردە دەکەن و گەورەی دەکەن، دوای ئەوەی هێلکە دروست دەکەن، دەبێتە دایکانە، ئەوانەش دووبارە هێلکە دروست دەکەن و دەبێتە گۆشتی مریشک و بەرهەمیان دەبێت.
“ساڵانە ئەم جۆرە مریشكانە نزیكەی 175 هێلكە دەكەن، بەم پێیە رەنگە بگاتە 100 ملیۆن مریشكی خواردن، واتا ئەگەر هەر مریشكێك 2 كیلۆ بێت، ساڵانە دەكاتە نزیكەی 200 ملیۆن كیلۆ گۆشت”. فیراس سدیق، واى وت ..
ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا، مۆڵەتیان بە خاوەنی ئەو پڕۆژه‌یە داوە، دوای پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ، بەرهەمەکانیان بۆ وڵاتانى ئێران، ئوردن و عێراقیش هەناردە بکەن.