جارێ نرخیان بۆ دیاری نەکراوە
لە گەرمیان خاوەن دەڕاسەکان خۆیان بۆ دروێنە ئامادە دەکەن
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی دروێنەکردنی دانەوێڵە، خاوەن دەڕاسەکان چاکسازی لە دەڕاسەکانیان دەکەن و خۆیان بۆ دروێنەی گەرمیان ئامادە دەکەن.
جیاواز لە شارەکانی دیکەی ھەرێمی کوردستان، بەھۆی کەش و ھەوا گەرمەکەیەوە لە گەرمیان نزیکەی 15 رۆژ زووتر دەست بە دروێنەی دانەوێڵە دەکرێت.
سیامەند عەبدوڵا، ماوەی 23 ساڵە شۆفێری دەڕاسەیە، بەدەم چاککردنەوەی دەڕاسەکەیەوە قسەی بۆ 964 کرد،”نزیکەی 15 بۆ 20 رۆژ پێش دەستپێکردنی وەرزی دروێنە دەستدەکەین بە چاکسازی لەدەڕاسەکانمان و ھەر نوقسانیەکی ھەبێت چاکی دەکەین، بۆ ئەوەی لەکاتی دروێنەکردن ئاسن بەر لاشەی دەڕاسەکە نەکەوێت و ئاگر دروستنەبێت”.
حکومەت ھیچ ھاوکاریەکی خاوەن دەڕاسەکان ناکات، ھەموو شتێک لە ئەستۆی خۆمانە ئەگەر گازمان بە نرخێکی کەمتر پێبدرێت ئەوکات ئێمەش دەتوانین بە نرخێکی کەمتر دروێنە بۆ جوتیاران بکەین، سیامەند عەبدوڵا وای وت.
ساڵی پار بۆ ھەر کاتژمێرێک کارکردنی دەڕاسە 50 ھەزار دیاریکرا و بۆ شوێنە دورەکانیش 55 ھەزار ، بەڵام ئەمساڵ تاکو ئێستا نرخی کاتژمێری کارکردنی دەڕاسەکان دیارینەکراوە.
لە سنووری گەرمیان، لە نزیک 10.5.2024 دروێنەی گەنمی جوتیاران دەست پێدەکات، کشتوکاڵی گەرمیان پێشبینی دەکات ئەمساڵ بەرھەمی دانەوێڵەی جوتیاران نزیکەی 200 ھەزار تۆن بێت.
لە سنووری ئیدارەی گەرمیان رووبەری ملیۆنێک و 433 ھەزار و 221 دۆنم زەوی کشتوکاڵی ھەیە، کە ملیۆنێک و 322 ھەزار و 19 دۆنمی دێمیە و پشت بە ئاوی باران دەبەستێت، 111 ھەزار و 202 دۆنمی بەراوە.