لەناحیەی بنگرد

گوندی بەردەشانی سەروو داوای قیرتاوکردنی رێگای گوندەکەیان دەکەن

964+
بەرزان عوسمان – دوکان

گوندی بەردەشانی سەروو زیاتر لە 35 ماڵ لە گوندەکەدا نیشتەجێن، بەدەست خراپی رێگای سەرەکی گوندەکەیان دەناڵێنن.

ئاوارە محەمەد، دانیشتویەکی گوندەکەیە بۆ 964 وتی، “رێگای سەرەکی گوندەکەمان خراپە، گرفتی هاتووچۆی بۆ دروست کردووین، چەندینجار سەردانی لایەنە پەیوەندیدارەکانمان کردووە بۆ قیرتاوکردنی، بەڵام هیچمان بۆ نەکراوە، چەند جارێک لەسەرئەرکی دانیشتوانی گوندەکەمان رێگاکەمان چاک کردووە”.

دەربارەی  نیگەرانی هاوڵاتیانی گوندی بەردەشانی سەروو، محەمەد عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد بۆ 964 دەڵێت، “رێگای  بەردەشانی سەروو  نزیکەی دوو کیلۆمەتر دەبێت، ساڵی 2013 تەندەرەکەی دراوە بە کۆمپانیا و دەست بەکاربووەو کاری بڕینەکەی و فراوانکردنەکەی کراوە 12٪ ی کارەکانی کراوە.

بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی بنگرد، بڕی پارەی تەرخان کراو 330 هەزار دۆلارە و لەسەر بودجەی پترۆدۆلار رەزامەندی لەسەردراوە، بەڵام ئێستا بودجەی پترۆدۆلار نەماوە و ناتوانرێت گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی دیکە بکرێت.

محەمەد عەبدولڕەحمان دەڵێت، تەنانەت سەردانی وەزیری ئاوەدانکردنەوەش نەیتوانیوە گرفتەکە چارەسەر بکات، تەنیا سەرۆکی حکومەت دەتوانێت گرێبەستی کۆمپانیاکە هەڵوەشێنێتەوە، بە جۆرێک دەبێت کۆمپانیاکە قەرەبوو بکرێتەوە.

پێداچوونەوە: فەهمی نەبی

هاوڵاتیان خۆیان رێگای گوندەکەیان پاک دەکەنەوە

هاوڵاتیان خۆیان رێگای گوندەکەیان پاک دەکەنەوە