تایبهت به 964+: مهسرور بارزانی له كۆڕبهندی داڤۆس 23 خولهك قسه دهكات
+964
فەهمی نەبی -هەولێر
وا بڕیارە مەسرور بارزانی، لە داڤۆس، وتاری هەبێت و لەسەر کۆمەڵێک پرس قسەبکات، لە نێویاندا “دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی کوردستان”.
ئێواری ئەمڕۆ، 16ی کانوونی دووەمی 2023، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، گەیشتە سویسرا و بەشداری کۆڕبەندی ئابووری جیهان (داڤۆس 2023) دەکات.
بەپێی زانیارییەکانی +964 بڕیارە لە پەراوێزی کۆڕبەندەکە، مەسرور بارزانی، 23 خولەک قسەی هەبێت.
ماڵپەڕی حکومەت، ناوەرۆکی ئەو بابەتانەی بڵاوکردوەتەوە کە بڕیارە مەسرور بارزانی لە میانی کۆڕبەندی داڤۆس پێشکەشی بکات.
بارزانی لە کۆڕبەندەکە باسی “هەمەچەشنکردنی ئابووری، گرنگیدان بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان، وەبەرهێنان لە بواری کانزا..وزەی پاک..نەوت و گاز، دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرهەمە کشتوکاڵیەکانی کوردستان و بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی کەش و هەوا.
داڤۆس، شارێکی سویسڕایە، هەمانکات ناونیشانی کۆڕبەندێکی ئابووریە و لە ساڵی 1979-ەوە، ساڵانە لە مانگی کانوونی دووەم، لەسەر گرفتە ئابووری و ژینگەییەکان کۆڕبەند بۆ سەرۆک و شارەزایانی ئابووری گرێدەدات.