نرخی دۆلار بەرەو 160 دەڕواتەوە

964+
عادل کانەبی- هەولێر

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، نرخی 100 دۆلاری ئەمریکی گەیشتە 159 هەزار و 250 دیناری عێراقی.

ئەوە نزمترین ئاستە لە شەش رۆژی رابردوو کە دیناری عێراقی تۆماری کردبێت.

بانکی ناوەندی عێراقی بە مەبەستی راگرتنی بەرزبوونەوەی دۆلار چەند رێکارێکی گرتووەتەبەر، یەکێک لەوانە فرۆشتنی دۆلارە لە فڕۆکەخانەی بەغدا بە هەمان نرخی پێشوو کە 100 دۆلارە بە 145 هەزار دینار.

لە ماوەی رابردوو، هەریەک لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق باسیان لەوە کردبوو، کە نرخی دۆلار جێگیر دەبێت.

تەیف سامی وتبووی، نرخی 100 دۆلاریان بە 145 هەزار دینار داناوە لە پرۆژە بودجەی 2023ی عێراق کە هێشتا رەوانەی پەرلەمان نەکراوە.

گرانبوونی نرخی دۆلار دۆخێکی شڵەژانی ئابووری لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان و عێراق دروستکردووە، داوا دەکرێت دەسەڵاتداران بە زووی چارەسەری بکەن.