خەڵکی کەرکوک هەفتەیەک بێئاو دەبن
964+
کاروان ساڵح – کەرکوک
هەموو کەرکوک، جگە لە سێ گەڕەک، بۆ ماوەی هەفتەیەک بێئاو دەبن، بەرێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك داوا لە هاوڵاتیان دەکات دەست بە ئاوەوە بگرن.
ئەندازیار جیهان ئیبراهیم فارس، جێگری بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك بە 964+ی راگەیاند، بەهۆی پاککردنەوەی كەناڵەكانی ئاودێری و چاککردنەوەی دەرگاکانی پرۆژەی ئاوی کەرکوک، بۆ ماوەی هەفتەیەک ئاو لە پارێزگاکە دابەش ناکرێت.
بە وتەی جێگری بەرێوەبەری ئاوی کەرکوک، خەڵکی پارێزگاکە لە رۆژی 30 كانونی دووەمەوە تاوەکو 6ی شوبات بێئاو دەبن.
لە ماوەی ئەو هەفتەیەدا ئاو لە سەرتاسەری كەركوك دەگیردرێتەوە، جگە لە گەرەكە كانی پەنجاعەلی، كوردستان و شۆراو، لەبەرئەوەی پرۆژەی ئاوی خواردنەوەی ئەوان جیاوازە، ئەندازیار جیهان ئیبراهیم فارس وای وت.
بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك بۆ ئەو هەفتەیە چەند تانکەرێکی ئاو دابین دەکات و بەسەر گەڕەکەکاندا دەگەڕێن و هەر كەسێك پێویستی بو دەتوانێت بە بێ بەرامبەر تانکیەکەی پڕ بکات.
جێگری بەرێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاوی كەركوك بە 964+ی وت “داواكارین هاوڵاتیان دەستیان بە ئاوەوە بێت بۆ ئەو هەفتەیە، تەنها بۆ كاری پێویست بە كاری بهێنن.”
شاری كەركوك خاوەنی هەریەك لە بەنداوی دووبز، شیرین و خاسەیە، بەڵام تاوەكو ئێستا نەتواندراوە رۆژانە بە بەردەوامی ئاوی خواردنەوەی سەرجەم گەرەكەكان دابینبكرێت.