بایکۆتی چالاکییەکانی رۆژی ئەنفالی کرد

رۆڵەیەکی ئەنفال لە خورماتوو کارێکی جیاوازی کرد

+964
سیروان خورشید-دوزخورماتوو

رۆڵەیەکی ئەنفال دوای ئەوەی بایکۆتی چالاکییەکانی رۆژی ئەنفالی کرد، بە رێگایەکی جیاواز نامیلکەی تایبەت بە تاوانی ئەنفالی بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی قەزاکەدا دابەشکرد.

گەرمیان نەعمان، گەنجێکی رۆڵەی ئەنفالی دانیشتووی دوزخورماتووە، بە964ی وت، خۆی و ژمارەیەک خانەوادەی ئەنفال لە خورماتوو بایکۆتی بەشداریی چالاکی و رێوڕەسمەکانی یادی ئەنفالیان کرد، ئەمەش بە هۆی ئەوەی تا ئێستا بەرپرسان بە پێی پێویست لەگەڵیان نەبوون و تەنیا بە قسە لەگەڵیان بوونە و کرداریان نەبووە.

وتیشی، “ئەمڕۆ بە رێگایەکی جیاواز نامیلکەی تایبەت بە تاوانی ئەنفالم بەسەر ژمارەیەکی زۆر لە خوێندکارانی خوێندنگاکانی خورماتوو دابەش کرد”.

وەک خۆی دەڵێت، مەبەستی لەو کارەی، نەوەی ئێستا ئاشنا بکات بە گەورەیی ئەو ستەمەی لە ئەنفالدا بەرامبەر کورد کراوە و لە مێژووی خۆیان ئاگاداربن.

دوێنێ 14.4 ساڵیادی 36مینی کارەساتی ئەنفالکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستان بوو، ئەو پرۆسەیەی رژێمی پێشووی عێراق لە ساڵی 1988 بە چەند قۆناغێک ئەنجامی دا و زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی کوردی جینۆساید و زیندەبەچاڵ کرد.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان یادی 36 ساڵەی پرۆسەی ئەنفال دەکاتە...

ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان یادی 36 ساڵەی پرۆسەی ئەنفال دەکاتەوە