چییان کردووە؟
ئاسایش ئەو 3 تۆمەتبارەى دەستگیرکرد زیانى 28 ملیۆن دیناریان لە کاسبکارێک دابوو
964+
وریا فەتاح
ئاسایشى سلێمانى دەستگیرکردنى ئەو سێ تۆمەتبارەیان راگەیاند، کە بەهۆى سووتاندنى کەپرێکى فرۆشتنى سەوزە و میوە زیانى 28 ملیۆن دیناریان لە کاسبکارێک دابوو
ئاسایشى سلێمانى لە راگەیەندراوێکیدا، کە وێنەیەکى بۆ 964 ناردووە، تێیدا هاتووە، دوای بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە بۆ سکاڵای هاوڵاتییەک سەبارەت بە سووتانی کەپرێکی فرۆشتنی سەوزە و میوە لە شاری سلێمانی، پاش سووتانی لەلایەن چەند تۆمەتبارێک و زیانی زۆری ماددی لێکەوتەوە، توانرا سێ تۆمەتبارى رووداوەکە بدۆزرێنەوە و دەستگیربکرێن.
بەپێى راگەیەندراوەکەى ئاسایش، لە ماوەى رابردوودا چوار جار دزى لە کەپرى کاسبکارێکى شارى سلێمانى دەکرێت، دواتر بۆ ونکردنى شوێنپەنجەى تاوانەکە، کەپرەکە دەسووتێنن و زیانى زۆرى ماددى لێدەکەوێتەوە.
لە ماوەى سووتانى سێ جارى پێشوو، نزیکەى 11 ملیۆن دینار زیانى لێدەدەن، لە سووتانى چوارەمیشدا 17 ملیۆن زیان بە کاسبکارەکە دەگەیەنن، دواى دزینى دۆمەڵان و هەنگوین و چەند تۆنێک سەوزە و میوە تەواوى کەپرەکە دەسووتێنن.
لەئێستادا تۆمەتباران بەماددەی 342 لەیاسای سزادان دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوە لەدۆسیەکانیان بەردەوامە.