شاکارەکەی شێرکۆ بێکەس بە عەرەبی چاپ دەکرێت

”زمانی کوردی لە پرسەی ئەنفالدایە، بەڵکو عەرەبی وەڵامی پێبێت”

964+

ژووری هەواڵ

چەند رۆژێکی کەم ماوەو شاکارەکەی شاعیری دیار شێرکۆ بێکەس بە عەرەبی بڵاودەکرێتەوە، ئیتر هەموو عەرەبیزانێک لە رێی خەیاڵدان و قەڵەمەکەی شێرکۆوە لە چیرۆکی ئەنفال تێدەگات.

گۆڕستانی چراکان، رۆمانە شیعرێکی شاعیری دیار شێرکۆ بێکەسە لە زاری قوربانییەکانەوە چیرۆکی ئەو رۆژانە دەگێڕێتەوە کە کوردیان تێدا ئەنفال کرا، ساڵی 2004 شێرکۆ کارەکەی بڵاوکردەوە، دوای 20 ساڵ عەرەبیزانەکان لە زمانی گۆڕستانی چراکان تێدەگەن.

هیوا مەحمود عوسمان شاکارەکەی کردووە بەعەرەبی، چەند ساڵێکە پێوەی خەریکە و هەموو ئەوە شاعیرو نوسەرە عەرەبانەی دەقە عەرەبییەکەیان بینیوە وتویانە بە زمانێکی زۆر جوان و پاراو کراوە بە عەرەبی، بە تایبەتی کە هیوا مەحمود عوسمان چەند جارێکی تر شیعری شێرکۆ بێکەسی کردووە بە عەرەبی.

کتێبەکە “مقبرة القناديل” لە لایەن دەزگای مەداوە چاپکراوەو لەپێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر بۆ کتێب بڵاودەکرێتەوە، لەوێ لە گۆشەی مەدا دەست دەکەوێت، پێشانگاکە لە رۆژانی 17 هەتا 28ی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت و 964 هاوبەشی میدیاییە.
هیوا مەحمود عوسمان لە پێشەکی چاپە عەرەبییەکەدا نوسیوێتی ”گۆڕستانی چراکان دواهەمین بەرهەمە کە وەرمگێڕاوەتە سەر زمانی عەرەبی، بەڵام لەبەر ئەو هەموو ئاه و ناڵەو ئازارو ئاواتەی لە خۆی گرتووە، وایکرد نۆرەبڕێی پێبکەم و بکەوێتە پێش بەرهەمەکانی دیکەم بۆ چاپکردن”.
وەرگێڕ بە دێڕێکی جوان کۆتایی بە پێشەکیەکەی هێناوە و دەڵێت ”زمانی کوردی هێشتا لە پرسەی ئەنفالدایە، بەو هیوایەم زمانی عەرەبی بە شوێن وەڵامی ئەو پرسیارانەدا بگەڕێت کە ئەنفال چۆن و بۆچی روویدا؟”.

عەلی بەدر کە نوسەرێکی دیاری عێراقییە پێشەکی بۆ کتێبەکە نوسیوەو زیا عەزاوی نیارگارکێشی دیار هەم بەرگەکەی نەخشاندووەو هەم بەپێی تێکستی ناو شیعرەکان چاند نیگارێکی بۆ کێشاوە.

بەشێک لە گۆڕستانی چراکان:
ئەی باشە چیتان هێناوە بۆ سەفەرێ! ؟
بە تەنها پێستی لەش و پرچ و قژ و جلکەشڕێ! ؟
ئاخر ناکرێ هەر وا بە دەستی بەتاڵ
بچنە حزووری یەزدانێ لەوێ
ئەی چپکەگوڵێ بۆ بارەگای پەروەردگار!
ئەی بارانی هەورێ بۆ پێغەمبەری بیابان!
ئەی لە زنویرەوە تاشەبەفرێ بۆ خەڵیفە و بۆ حەزرەتی والیش هەندێ ڕێواسی کەلیخان!
پەلەتان بوو
نە ‘با’ لە سەرتان ڕاوەستا و نە چریکەی زیل و نە جاڕنامەی مافی مرۆڤ و نە کۆنگرەی موسڵمانان! ؟
ئەی ئادەمییە بەفرینەکان!
لە کوێوە گەیشتنە ڕۆژی حەشر و بەردەمی قاپی قیامەتێ!
لە کوێوە گەیشتنە ئەم دەشتی عەدەمە و بە کام پڵنگی باڵدار و بە سواری باڵی کام
فریشتە و پەری، گەیشتنە حەوت تەبەقەی ئاسمان و بەردەم عەرشەکەی خودا و چوونە سەرێ
عەشاماتێ عەشاماتێ
لە عەبدی یەزدان و لە ئۆمەتی جنۆکە و خێڵی گومڕاه و خەڵکی کافرستانێ
عەشاماتێ عەشاماتێ
قافڵەیێک لە جارییە و لە سەبایای پاکیزەکانی چیا و بەفرێ
ئاپوورەیێک لە گوناهەکانی هەژاری و
عەشاماتێ عەشاماتێ
لە ئەهلی دۆزەخ و لە ڕەگەزی گەڕوگولی ناو مەجووسێ!
چەند زەلیلە ئەم هەقەی من
چەند گوناهە بێ گوناهیم
چەند ڕسوایە زمانی شاخ
چەندە تەباین من و مەرگ و کە شەو داهات
سەگەلی ڕەش یەک لەدوای یەک چۆن ئەمانخوات!
ئای کە تەنیام
چەندە تەنیام
چەندە چەندە چەندە لەم وەختەدا
لە تۆ تەنهاتر خودایە
لە تۆ بێکەستر خودایە
تەنها کوردە!