پەروەردە و پۆلیس؛ بەدوای هۆکارەکەی دەگەڕێن
لە دهۆک قوتابییەک سێ چەقۆ لە قوتابییەکی دیکە دەدات
964+
هیڤی دێوالی – دهۆک
ئەمڕۆ یەکشەمە، لە یەکێک لە قوتابخانەکانی گەڕەکی گەلی لە دهۆک، “قوتابییەک چەقۆ لە قوتابییەکی دیکە دەدات و برینداری دەکات”، وتەبێژی پەروەردەی شارەکە بە 964ی وت، “تا ئێستا هۆکارەکە نازانرێت و پۆلیس لێکۆڵینەوەی لە رووداوەکە دەستپێکردووە”.
لە ناو گۆڕەپانی قوتابخانەکە رووداوەکە روویداوە، دڵخاز خورشید، ئامۆزای قوتابییەکەیە ئەو بە 964ی وت، “ئەمڕۆ یەکشەممە 14.4.2024، لە دوای کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆ، ئامۆزاکەم کە لە پۆلی نۆی بنەڕەتییە و تەمەنی 16 ساڵە، بەرەو قوتابخانە رۆشتووە و لەناو گۆرەپانی قوتابخانەکەی قوتابییەک سێ جار چەقۆی لە جەستەی داوە،و ئێستا لەژێر چاودێری پزیشکدایە”.
ئامۆزای ئەو قوتابییە وتیشی، “تائێستا نازانین هۆکارەکە چی بووە و بۆ بریندار کراوە، ئامۆزاکەم قسەی نەکردووە بۆمان”، ئەوە لە کاتێکدا سەرچاوەیەکی ئەمنی و نزیک لە رووداوەکە بە 964ی وت، “قوتابییە تۆمەتبارەکە لە قوتابخانە لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراوە و لێپرسینەوە لە بنکەی پۆلیسی گەلی دهۆک بەردەوامە”.
لەلایەکی دیکەوە، سەرچاوەیەکی بەرپرس کە ویستی ناوی ئاشکرانەکرێت لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ئازادی دهۆک بە 964ی وت، “تەندروستی ئەو قوتابییەی چەقۆ بەر دەستەی کەوتووە، جێگیر نیە و لەژێر چاودێری چڕی پزیشک دایە”.
بە قسەی، نەبیل سنجاری، وتەبێژی پەروەردەی دهۆک بێت بۆ 964، “تا ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و هیچ شتێک روون نەبووەتەوە بۆیان، تەنانەت وتەی شایەتحاڵەکانیش وەرگیراوە، هەموو لایەنە فەرمی و بەرپرسانی ئەمنی و پەروەردە لە هەوڵی ئەوەدان، هۆکاری راستی رووداوەکە دیاری بکرێت”.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا