کۆبوونەوەی پاشماوە لەسەر بەنداوی دەربەندیخان _ وێنە: سەروەر قەرەداغی
بەڕێوەبەرەکەی بۆ 964: نزیکین لە سەرڕێژ
بەنداوی دەربەندیخان ئاو و پاشماوەیەکی زۆری بۆ هاتووە
964+
ئەحمەد مستەفا
بەنداوی دەربەندیخان تەنیا 5%ی ماوە پڕبێت و سەرڕێژ بکات، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان دەڵێت، لە سەرچاوەکان و چەمە وشبووەکان پاشماوەیەکی زۆری پلاستیک، نایلۆن و تەپەدۆری گەشتیاران و راوچیی لەگەڵ ئاو هاتووەتە ناو بەنداوی دەربەندیخانەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە 14.4.2024، سامان ئیسماعیل بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان بە 964ی وت، تیمیان ئامادەکردووە، رەنگە لە کۆتایی ئەم مانگە دەست بە پاککردنەوەی یەکجاری سەر بەنداوی دەربەندیخان بکەن، جارێ چاوەڕوانی ئەوە دەکەن ئەو شەپۆلی ئاوانەی بەڕێوەن بگاتە ناو بەنداوەکە.
بەنداوی دەربەندیخان کە سێ ملیار مەتر سێجا توانای کۆگاکردنی ئاوی هەیە ئێستا 95%ی پڕە و تەنیا 5%ی خاڵییە، بەو پێیەش بێت نزیکە لە سەررێژ بوون، بە قسەی بەڕێوەبەری بەنداوەکە بێت، ئێستاش رۆژانە ئاوێکی زۆر دێتە ناو بەنداوەکە و رۆژانە چەند سانتیمەترێک ئاستی کۆگاکردن بەرزدەبێتەوە، ئەو وتی، “تاکە بەنداوین، لەسەر ئاستی بەنداوە گەورەکان لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئاستی ئاوی کۆگاکراومان بەو رادەیە زیادی کردووە”.
لەگەڵ ئەو ئاوە زۆرە، زۆرێک لەو پاشماوانەی چوونەتە ناو بەنداوی دەربەندیخانەوە، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان پێی وایە، گەشتیاران لە نزیک سەرچاوەکانی ئاو فڕێیان داون، ئەو ئەوەشی وت، “ئەمساڵ رێژەی ئاو زۆر بووە، بەشێک لەو سەرچاوانەی ووشکیان کردبوو بوژاونەتەوە، لەگەڵ خۆیاندا جگە لە ئاو، پاشماوەی دەبە و پلاستیک و نایلۆنیان راپێچی بەنداوەکە کردووە”.