گرنگترین هەواڵەکان
قوتابخانەیەک لە پشدەر بە کرێ دراوە و هەزاران قوتووی شیریش دەستی بەسەرداگیرا
964+
ژووری هەواڵ
لەکاتێکدا پەروەردەی پشدەر گرفتی کەمی و کۆنی بینای خویندنی هەیە، کەچی بینای قوتابخانەیەکی بنەڕەتی بەکرێ داوە بە کەرتی تایبەت.
سەیوان محەمەد مامۆستای قوتابخانەکەیە و بە 964ـی وت، ” بەشێکی زۆری ئەوبینایە خۆمان نۆژەنمان کردووەتەوە و دروستمان کردووە، ئێستاش کێشە و گرفتی زۆری ماوە کەچی ئاگادار کراوینەوە کە بینای قوتابخانەکە چۆڵ بکەین، چونکە بەبڕی 400 هەزار دینار، بینایەکە بەکرێ دراوە، گوایە دەکرێت بەباخچە یاخود قوتابخانەی ئەهلی.
ئەبوبکر بایز قایمقامی قەزای پشدەر لەبارەی بەکرێدانی بینای قوتابحانەکەوە بە 964ـی وت، لە بنەڕەتدا زەوی قوتابخانەکە موڵکی شارەوانیە، بیناکەشی لەلایەن تێبینەرایەتی ئەوقافی پشدەرەوە لەساڵانی رابردوودا کراوە بە مەدرەسەی دینی، بەڵام دواتر بینایەکی تریان بۆ مەدرەسە دینیەکە دروست کردووە، دواتر بینایەکە کراوە بە قوتابخانە ئێستا دەیانەوێت بیدەن بە کڕی و وەزرەت وەڵامئی نەداونەتەوە.
بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانی هەولێر دەستبەسەرداگرتنی هەزاران قوتوو شیری منداڵی راگەیاند کە لە کۆگایەکدا بووە و دانراوە بە مەبەستی ساغکردنەوە.
بە پێی زانیارییەکانی پەیجی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش، ژمارەی قوتووە شیرە دەستبەسەرداگیراوەکان 46 هەزار قوتووە.
هۆگر عەلی، بەڕێوەبەری ژووری بازرگانی هەولێر هەواڵەکەی بۆ 964 پشتراستکردەوە و وتی، شیرەکان بەسەرچوون.
بە گوێرەی راگەیەندراوی بەڕێوەبەرایەتیی چاودێری بازرگانیی هەولێر، پسوڵەی ئامادەبوون دراوە بە خاوەنەکەی بە مەبەستی لێکۆڵینەوە.
تا ئێستاش نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن نەکراوەتەوە و بایکۆت بەردەوامە و داوای موچەیەکی دیکە دەکەن.
کارمەندەکان دابەشبوون بەسەر دوو بەشدا و بەشێكیان دەیانەوێت بگەڕێنەوە دەوام و بەشێكی دیکەش دەڵێن، تا موچەی مانگی سێ وەرنەگرن ناگەڕێنەوە.
سەرچاوەیەک لە ناخؤشخانەکەوە بە 964ـی راگەیاند، بەرپرسی بەشەکانی نەخۆشخانە دوێنێ دوای وەرگرتنی موچە داوایان لە کارمەندەکانیان کردووە کە بگەڕێنەوە بۆ دەوام، بەڵام تا ئێستاش کارمەندانی نەخۆشخانەی گشتی شەهیدانی پێنجوێن دەستیان بە دەوام نەکردووە و داوای موچەی مانگی سێ دەکەن.