"سەربڕینی هەڕەمەکی زۆرە"
ڤێتێرنەری راپەڕین: رۆژانە 25 سەر ئاژەڵ بۆ سەربڕین دەپشکنین
964+
پێشەوا محەمەد
ڤێتێرنەری راپەڕین ئاشكرای دەکات، لە مانگی رەمەزاندا 25 پشکنین بۆ ئەو ئاژەڵانە دەکرێت، کە لە گۆشتفرۆشییەکاندا سەردەبڕدرێن، بەڵام کێشەی سەربڕینی هەڕەمەکییان هەیە.
بەپێی زانیارییەکانی ڤێتێرنەرییەکە، کە بە 964 دراوە، بەر لە مانگی رەمەزان رۆژانە گۆشتفرۆشییەکان 15 سەریان بۆ پشکنین بۆ بردوون تا سەریان ببڕن و ئەوانیش مۆریان بۆ لێبدەن.
سەعدی تەیب ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڤێتێرنەریی راپەڕین بە 964ـی راگەیاند، بەهۆی مانگی رەمەزانەوە رۆژانە پشکنین بۆ نزیکەی 25 سەر ئاژەڵ دەکەین بۆ قەسابخانەکان و مۆریان بۆ لێدەدەین.
وتیشی، “ڤێتێرنەریی راپەڕین تا ئێستا سەربڕینخانەی نییە و تەنیا پشکنین بۆ ئاژەڵەکان دەکەین و زۆریش داوامانکردووە سەربڕینخانەیەکی مۆدێرن لە شاری رانییە بکرێتەوە و لەوێوە چاودێریی سەرجەم گۆشتی ئیدارەکە بکرێت”.
کێشەی ڤێتێرنەریی راپەڕین سەربڕینی هەڕەمەکییە لە لایەن گۆشتفرۆش و ئەوانەوە، کە لەسەر شەقامەکان گۆشت دەفرۆشن.
“بەردەوام لەگەڵ لیژنەکانی قایمقامیەت سزای ئەو شوێنانە دەدرێت، کە بێ پشکنین و مۆری ڤێتێرنەریی راپەڕین ئاژەڵ سەردەبڕن و دەیفرۆشن، بەڵام هێشتا زۆرە و کۆنتڕۆڵ نەکراوە”، سەعدی تەیب ئەحمەد وای وت.
وتیشی، “ئێمە ئێستا هەر بە سەرپەرشتیکردنی ئاژەڵ و گۆشتفرۆشییەکانی شاری رانییە رادەگەین و هەر ئەوەندە توانامان هەیە”.