ئەپڵ شاشەی تەچ بۆ ماک زیاد دەکات


+964
عادل کانەبی

ماڵپەڕی بلومبێرگ نیوز بە پشتبەستن بە کەسانی شارەزای تەکنەلۆژیا ئاماژەی بەوەکرد، کۆمپانیای ئەپڵ کار لەسەر زیادکردنی شاشەی تەچ بۆ کۆمپیوتەرەکانی ماک دەکات.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، یەکەم کۆمپیوتەری ماک بە شاشەی تەچ دەکرێت تا ساڵی 2025 بخرێتە بازاڕەوە، ئەوەش لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی ماک بووک پڕۆ، کە لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە بەرهەمهێندراوە.

ئەپڵ تا ئێستا خۆی لە دانانی شاشەی تەچ لە کۆمپیوتەرەکانی ماکدا بەدوور گرتووە، چونکە ستیڤ جۆبس پێشتر دژی ئەوە بوو شاشەی تەچ بخرێتە سەر کۆمپیوتەرەکانی ماک.

لە ساڵی ٢٠٢١دا، تۆم بۆگەر، بەڕێوەبەری بازرگانی ئەپڵ، روونیکردەوە کە ئایپاد “باشترین کۆمپیوتەری تەچە لە جیهاندا”، و ماک “بە تەواوی تایبەتە بە کردارە راستەوخۆکان”.

لەو کاتەدا بۆگەر وتی، ئەپڵ هیچ هۆکارێکی نییە بۆ ئەوەی ئەو شتە بگۆڕێت و شاشەی تەچ زیاد بکات لە کۆمپیوتەرەکانیدا، بەڵام دیارە ئێستا شتەکان گۆڕاون و ئەپڵ پێی وایە کاتی ئەوە هاتووە بیر لە بەکارهێنانی ماکی تەچ سکرین بکاتەوە.

گۆڤاری ژاپۆنی “نیکی ئاسیا” لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی رابردوودا رایگەیاند، ئەپڵ بە نیازە بەشێک لە بەرهەمهێنانی ماک بووک بگوازێتەوە بۆ ڤێتنام .

کۆمپانیا تەکنەلۆژییەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە هەمەچەشنکردنی بنکەی بەرهەمهێنانی خۆیان دوور لە چین، لەکاتێکدا گرژییەکان لە بواری تەکنەلۆژیادا لە نێوان واشنتۆن و بێجیندا پەرەدەسێنن.