گەشتی هەواڵ

لە هەولێر فێستیڤاڵە و لە هەڵەبجەش تابلۆ دابەش دەکرێت

964+

ژووری هەواڵ

دوای ئەوەی بەهۆی کێشەی نێوان شۆفێرانی مەرزی سەیرانبەن و باشماخەوە لە کاتژمێر 11:00ی پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆوە رێگای پێنجوێن بۆ سلێمانی بەتەواوی گیرابوو، ئەمشەو هێزێکی پۆلیس و ئاسایش چوونەتە شوێنەکە و رێگاکە کرایەوە.
رائید کاروان عەبدوڵا بەڕێوەبەری پۆلیسی پێنجوێن بە 964ی راگەیاند، “لەگەڵ هێزەکانی ئاسایش توانیویمان رێگای هاوڵاتیان بکەینەوە و هیچ کێشەیەک لە رێگای پێنجوێندا نەماوە، وتیشی، ئێستا تەنیا ئەو بارهەڵگرانە لە رێگاکەدا ماون کە باری عەلوەن و شۆفێری مەرزی سەیرانبەن و باشماخن، ئەوانیش چاوەڕێی چارەسەرکردنی کێشەکانیان دەکەن.

هاتوچۆی هەڵەبجە دەڵێت، زۆربەی رێکارە یاسایی و ئیدارییەکان بۆ چاپکردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بە کۆدی هەڵەبجە تەواوبوون، چاوەڕوانن هەفتەی داهاتوو “لە رۆژی یەکشەممەدا” کە دەکاتە ساڵیادی کیمیابارانی شارەکە، دابەشکردنەکەی دەستپێبکات.
ئەحمەد حەمەئەمەین، وتەبێژی هاتوچۆی هەڵەبجە بە 964ـی راگەیاند، تەنیا دوو سێ کێشەی تەکنیکیان ماوە کە بەئاسانی چارەسەر دەبن، ئەوانیش نەبوونی لقی بەڕێوەبەرایەتی گەنجینەیە لەنێو هاتوچۆی هەڵەبجە و دابیننەکردنی ژمارە نایابەکان و نه‌بوونى گومرگی سەر بە بەڕێوەبەرایتییەکەیە.

وا بڕیارە بۆماوەی 22 رۆژ لەناو باخی شار و لەبەردەم قەڵای هەولێر شەوان لە فێستیڤاڵێکدا خواردنی کوردەواری و کەلوپەلی جۆراو جۆر بفرۆشرێت.
لە باخی شار 54 چادر هەڵدراون، هەموو شەوێک لە کاتژمێر 7 دوای رۆژوو شکاندن تا کاتژمێر 12ی شەو کراوە دەبێت.
لەگەڵ ئەو چادرانە ستەیجێک دانراوە شەوانە چالاکی مۆسیقا و سروودی ئاینی لێ پێشکەش دەکرێت هاوڵاتیان دەتوانن کاتەکانیان لەوێ بەسەربەرن.