سبەی پێنجشەممە
دوو وەزیری باڵای تورکیا و سەرۆکی میت سەردانی بەغدا دەکەن
964+
ژووری هەواڵ
سەی پێنجشەممە، وەزیرانی دەرەوە و بەرگری تورکیا و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئەو وڵاتە بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەی ئەمنی نێوان ئەنقەرە و عێراق، سەردانی بەغدا دەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە 13.3.2024، ئۆنجو کەچەلی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سبەی لوتکەی ئەمنی نێوان عێراق و تورکیا لە بەغدا بەڕێوەدەچێت و بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەکەش هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و یەشار گولەر، وەزیری بەرگری تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری نیشتمانی تورکیا (میت) سەردانی بەغدا دەکەن.
بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، سەردانەکەی وەفدی باڵای تورکیا بۆ بەغدا “بە مەبەستی بەهێزکردنی هەماهەنگییەکانی عێراق و تورکیایە بۆ رووبەڕووبوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستان و بەدەستهێنانی پشتیوانیی بەغدا و هەولێرە بۆ ئۆپراسیۆنە چاوەڕونکراوەکەی سوپای تورکیا”.
ئامانجێکی دیکە سەردانی ئەو بەرپرسانەی تورکیا، ئامادەکارییە بۆ سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کە بڕیارە مانگی داهاتوو سەردانی عێراق و هەرێمی کوردستان بکات.
پێشتریش لە سەرەتای ئەم مانگەدا، فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، عێراق ئامادەکاریی خۆی بۆ کۆبوونەوەکە تەواوکردووە و بەمنزیکانە کۆبوونەوەی باڵای هەردوو وڵات لە بەغدا بەڕێوەدەچێت.