"بارهەڵگرەکان هەڕەشەن"

دانیشتووانی ناوچه‌ی داوده‌ داوای پاراستنی رێگاكه‌یان ده‌كه‌ن

+964
سیروان خورشید – دوزخورماتوو

پاش قیرتاوکردنی رێگای ناوچەی داودەی سنووری دوزخورماتوو، ئێستا دانیشتووانی ناوچەکە داوا دەکەن لە سنوری ناوچەکەیاندا، قەپانێک دابنرێت بۆ کێشانی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان و پاراستنی رێگاكه‌یان.

محەمەد جاسم هاوڵاتییەکی دانیشتووی خدر وەلیی ناوچەی داودەیە، بە 964ی وت، ساڵانێکە بەدەست نەبوونی خزمەتگوزارییەوە دەناڵێنن و ئێستا پرۆژەی قیرتاوکردن گەیشتووه‌تە ناوچەکەیان و داواکارن وەک پێشوو نەبێت و چاودێریی کێشی ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەکان بکرێت، بۆ ئەوەی رێگاکە بە پارێزراوی بمێنێتەوە.

هەڵکەوت محەمەد، هاوڵاتییەکی دیكه‌ی دانیشتووی دوزخورماتووە، بە 964ی وت، ساڵانێکی زۆرە رێگاکە جگە لە ماندووبونی خۆیان، زیانی زۆری بە ئۆتۆمبێلەکانیان گەیاندووە، چونکە رێگاکە بە جۆرێک خراپ بوو.

دەشڵێت، ئەو بارهەڵگرانەی بەسەر رێگاکەدا هاتوچۆ دەکەن زیاد لە کێشی خۆیان هەڵدەگرن، ئەمەش دەبێته‌ هۆی تێکچوون و لەناوبردنی قیرتاوه‌كه‌ی.

ئه‌وان لە رێگەی 964ەوە داواکارن لایەنی پەیوەندیدار ئاگادار بکرێتەوە، كه‌ لە سنووری ناوچەکەیاندا قەپانێک بۆ کێشی بارهەڵگرەکان دابنرێت، بۆ ئه‌وه‌ی لە كێشی دیاریكراوی خۆیان زیاتر هەڵنه‌گرن.
964 پەیوەندی بە وەهاب ئەحمەد بەڕێوبەری ناحیەی زنانەوە کرد، ئه‌و وتی، لە ماوەی پیشوودا چەند جارێک نووسراویان ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار کردووە،  بەڵام داواکەیان جێبەجێ نەکراوە بە بیانوی ئەوەی ناوچەكە، ناوچەی کێشە لەسەرە و لە دەره‌وەی نەخشە و GPS دایە.

وتیشی، ئێستا سەرقاڵی نوسراوێکن و لە رێگەی قایمقامیەتی قەزای کفریەوە ئاراستەی ئیدارەی گەرمیان دەکرێت، تا بە زووترین کات قەپانێک بۆ کێشانی بارهەڵگرەکان دابنرێت.
“ئه‌گەر ئەم جارە وەڵامی داواکەمان نەدرێتەوە، ناچارین بە شێوەی نایاساییش بێت، خۆیان ئەو کارە ئەنجام دەدەن و قەپانێک لەسەر رێگای چوارڕیانی ناوچەی داودە دادەنێین”، وەهاب ئەحمەد وای وت.
ناوچەی داودە دوو ناحیەیه‌ و زیاتر لە 40 گوندی لەسەرە، ساڵانێکە دانیشتووانەکەی بەدەست خراپیی رێگاوبانەکەیەوە دەناڵێنن، ئێستاش دڵخۆشن بەو پڕۆژەیەی پێیانگەیشتووە و داواکارن بە پارێزراوی بمێنێتەوە.

پێداچوونه‌وه‌: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

نەخۆشییەکی ترسناک لە دوزخورماتوو بڵاوبووەتەوە

نەخۆشییەکی ترسناک لە دوزخورماتوو بڵاوبووەتەوە